سەردێڕ:

بۆ هەشتەم رۆژ لەسەریەک خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامە

خۆپیشاندەران دەیانەوێت پردی کۆماریی تێپەڕێنن
خۆپیشاندانەکانی عێراق
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-11-01

2916 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی ڕایگەیاند، لە بەغدا و بەشێک لە شارەکانی دیکەی عێراق بۆ هەشتەمین ڕۆژ لەسەریەک خۆپیشاندان بەردەوامە و کوژراو و برینداریشی لێکەوتووەتەوە.

ڕاشیگەیاند، خۆپیشاندەران زۆر مەبەستیانە بچنە بەردەم ناوچەی سەوز و بۆ ئەمەش، لە هەوڵدان پردی کۆماریی تێپەڕێنن و هێزە ئەمنییەکانیش ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.

لەسەر ئاماری کوژراو و بریندارانی ئەمرۆ ڕایگەیاند، "لە ١٢ی ئەمشەوەوە تا ئێستا یەک کەس کوژراو و ١٨٧ کەسیش برینداربوون".

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئار تی، حکومەتی ناوەندی عێراق نەخۆشخانەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک زانیاریی و ئاماری کوژراو و برینداران بە ڕۆژنامەنوسان نەدەن.

 دەستەی ڕێکخەرانی خۆپیشاندەرانیش ڕایانگەیاندووە، "ئەگەر ئەو دوو خاڵەی دوێنێ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، کە بریتی بوون لە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران و هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەنجام بدرێن، ئەوا خۆپیشاندان دەوەستێنن و دەچنە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ دوو خاڵی دیکەیان کە بریتین لە هەموارکردنەوەی دەستوور و گۆڕانکاریی لە
سیستمی حکومی عێراقدا".