سەردێڕ:

لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی گازی فرمێسکڕێژەوە بەرپرسانی عێراق ئاگاداردەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-11-01

2072 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردووەتەوە، لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەی عێراقدا هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە دوو جۆری مەترسیداری گازی فرمێسکڕێژیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندان بەکارهێناوە کە ١٠ هێندەی گازی فرمێسکڕێژی دیکە بەهێزە.

رێکخراوەکە رایگەیاندووە، ئەو گازە فرمێسکڕێژانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەکارهاتوون، لەلایەن بولگاریا و سیربیاوە هەناردەکراون بۆ ئەوەی لەکاتی شەڕدا بەکاربهێندرێن، نەک بۆ بڵاوەکردن بە خۆپیشاندانەکان.

بەگوێرەی بەدواداچوونی رێکخراوەکە، بەهۆی بەکارهێنانی گازە فرمێشکڕێژەکانەوە لە ماوەی چەند ڕۆژێکی خۆپیشاندانەکاندا لانیکەم پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەش بەوەکراوە، بەڵگەکان دەریدەخەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق گازی فرمێسکڕێژیان ئاڕاستەی سەر و جەستەی خۆپیشاندەران کردووە، کە ئەمە دەرئەنجامێکی کارەساتباری لێکەوتووەتەوە و لە هەندێک حاڵەتدا سەری خۆپیشاندەرانی پێ شکاوە.

ئاماژەش بەوەکراوە، ئەو گازە فرمێسکڕێهانە لە جۆری (40mm M99s)ی سیربی، کە لەلایەن کۆمپانیای بالکان نۆڤۆتێک بەرهەمهاتووە، ئەوی دیکەش لە جۆری (40mm LV CS) کە لەلایەن کۆمپانیای ئەرسێنالی بولگارییەوە بەرهەمهاتوون و چاودێران پێیان وایە بەهۆی قورسی کێشی و چۆنیەتی پێکهاتەکەیەوە نابێت لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا بەکاربهێندرێت.