سەردێڕ:

کۆنگرێس پڕۆسەی وەرگرتنەوەی متمانە لە ترەمپ دەستپێدەکات

بە کارێکی دەگمەن ناو دەبرێت
فۆتۆ: 
2019-10-31

9779 جار خوێندراوەتەوە

 ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگی دا بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی دژی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڵبەستراون و لێسەندنەوەی متمانە لێی، کە بە کارێکی دەگمەن ناودەبرێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٣١ی تشرینی یەکەم، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگی دا بە لێپرسینەوەی ئاشکرا لە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بە ٢٣٢ دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر ١٩٦ دەنگی نەخێر قبوڵکرا.

لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ئەندامێکی پارتەکەی ترەمپ دەنگی نەدا بە "بەڵێ".

نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاوی داهاتووی نا بۆ لێکۆڵینەوەی ئاشکرا لەبەردەم دەزگای هەواڵگریدا، بۆئەوەی هەموو خەڵک ڕاستییەکان بە چاوی خۆیان ببینن".

هاوکات دوێنێ چوارشەممە، دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایانگەیاند، هەنگاوەکانی لێکۆڵینەوە لە لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆک بە ئاشکرا دەبێت، هەروەها ترەمپ دەتوانێ بەشداربێت تیایدا، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی سەندنەوەی متمانە لە خۆی دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆک کارێکی دەگمەنە و لەکاتێکدا ئەنجامدەدرێت ئەگەر سەرۆک پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی بەکاربهێنێت، یان تاوانی گەورە بکات و بەرتیل وەربگرێت.