سەردێڕ:

بەرهەم ساڵح: لەگەڵ ئەوەدام هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق
فۆتۆ: میدیاکان
2019-10-31

8209 جار خوێندراوەتەوە

ئەمرۆ، ٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، وتارێکیدا لەسەر دۆخی عێراق و ڕایگەیاند، لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەدان و کاری بۆ دەکەن.

سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندایە، بەڵام بەشێوەی مەدەنی.

ڕوو بە خۆپیشاندەران وتی، "نمونەیەکی جوان نیشانی تەواوی دونیا بدەن".

وتیشی، لێکۆڵینەوە لە هەموو سەرپێچییەکانی ئەو ماوەیەی وڵاتەکە دەکەن.

دەربارەی پەرلەمان وتی، "پەرلەمان ئەو شوێنەیە کە لەوێوە دەتوانین شتەکان ڕاست بکەینەوە".

ئەو جەختیشی لەوە کردەوە، "وەکو سەرۆکایەتی کۆمار، لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، بە مەرجێک گۆرانکاری لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا بکرێت و دوور بێت لە هەیمەنەی حیزبیی".

دەربارەی سەرۆک وەزیران وتی، "عادل عەبدولمەهدی ڕازییبووە کە نامەی دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بکات، بەڵام بەو مەرجەی بۆشایی دەستووری درووست نەبێت".

لە کۆتایی وتارەکەیدا وتی، "من لەگەڵتاندام، و ڕێگەش نادەم کەس داواکانتان پشگوێ بخات و ئەمە ئەرکی ئێمەیە لە پۆستەکانماندا".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ەوە، لە عێراق خۆپیشاندانەو تا ئێستا، سەدان کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتووەتەوە.