سەردێڕ:

یونسکۆ سلێمانی و سنەی خستە ڕیزی شارە کەلتوریی و داهێنەرەکانەوە

شاری سلێمانی، هەرێمی کوردستانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-10-31

2566 جار خوێندراوەتەوە

پێگەی فەرمی یونسکۆ کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە لە ڕاگەیاندراوێکیدا، هەردوو شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان و سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستە لیستی ئەو شارانەی کەلتوریی و داهێنەرن.

لە ناو لیستی شارە داهێنەرەکاندا شاری سێمانی وەک شاری داهێنەر ناسێندراوە لە ڕووی ئەدەب (وێژەزانی)، هاوکات شاری سنەش لە ڕووی موزیکەوە.

یونسکۆ لە دوایەمین داتایدا، ٦٦ شاری نوێی لەو بوارەدا زیادکردووە بۆ لیستی ئەو شارانەی کەلتوریی و داهێنەرن.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی یونسکۆ، ئەو ڕێکخراوە، ئەو شارانە دەخاتە لیستی "شاری داهێنەر"ەوە کە جموجوڵی فیکریی و شارستانی تێدا ئەنجام بدرێت.

یونسکۆ ڕاشیگەیاندووە، "ئەو ٦٦ شارە نوێیە خستومانەتە لیستەکەوە، هەریەکەو لای خۆیەوە خەریکی درووستکردنی کەلتوری شارستانین و ئەوەش بۆ نەوەکانی داهاتووی جیهان گرنگی خۆیی هەیە".

یونسکۆ گرنگی بە بوارەکانی پەروەردە، زانست و کەلتور دەدات و ساڵانە لە سەرانسەری دونیادا چالاکی لەو بوارانەدا ئەنجام دەدات. ئەو شارانەش بەرز دەنرخێنێت کە گرنگی بە پرەنسیپە گەردوونییەکان دەدەن هەر لە پەروەردەی تەندرووست و کەلتووری ئاشتیخوازانە و زانستی داهێنەرانە.

شاری سنە - ڕۆژهەڵاتی کوردستان