سەردێڕ:

ئیندپێندەنت: پێدەچێت ئەمریکا تاوانی جەنگ لە سوریا ئەنجام بدات

فۆتۆ: 
2019-10-31

23700 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایان هۆشداری دەدەن لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتەکانی سوریا لەلایەن ئەمریکاوە و دەڵێن پێدەچێت تاوانی جەنگ بێت.

بێنجامین فریدمان بەڕێوەبەری ناوەندی بیرکردنەوەی دیفێنس پرایۆریتی، کە هاوکات مامۆستایە لە زانکۆی جۆرج واشنتن لە ئەمریکا، رایگەیاندووە "ئەمریکا لەڕووی یاساییەوە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی کێڵگە نەوتەکانی سوریا بکات و داهاتەکەی بۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بگوازرێتەوە".

فریدمان وتوویەتی "ترەمپ لە لێدوانەکانی پێشوویدا وا دەردەکەوت کە بڕوای وابێت ئەمریکا دەیتوانی نەوتی عێراق و لیبیا تاڵانبکات، دڵنیام کە بەرپرسانی کۆشکی سپی تا ئێستا هەوڵیانداوە بۆ ترەمپی ڕوونبکەنەوە کە ناتوانین ئەو کارە بکەین".

ئەو شارەزایە باسی لەوەکردووە، قازانجکردن لە نەوتی وڵاتێکی دیکە بە گوێرەی پەیماننامەی جنێڤ بە تاوانی جەنگ هەژماردەکرێت، ئەمە یاسایەکە کە پێشتر ئەمریکا دەنگی لەسەرداوە.

هەروەها وتیشی، هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن کۆنگرێسەوە ڕەزامەندییان وەرنەگرتووە کە لە سوریابن یاخود سەرچاوەکەی ببەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێنتاگۆن ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا "پارێزگاری" لە کێڵگە نەوتەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەکەن، بە ئامانجی ئەوەی ڕێگری لە چەکدارانی داعش بکرێت سوودی لێببینن.

دۆناڵد ترەمپ هەر لە سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ی سەرۆکایەتی ئەمریکاوە چەند جارێک لە میدیاکانی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاندووە، "دەبوو نەوتی عێراقمان ببردایە کە دەرفەتمان هەبوو"، و نەوتی وڵاتەکەی بە هۆکارێک بۆ بەهێزبوونی رێکخراوی داعش وەسفکردووە.