سەردێڕ:

ئایا بەهاری عەرەبیی نوێ بەڕێوەیە؟

گەنجێکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی عێراق
فۆتۆ: AFP
2019-10-30

2145 جار خوێندراوەتەوە

ڕاپۆرتێکی شیکارییە، بی بی سی کردوویەتی

سەرباری کۆتایی هاتنی وەرزی هاوین، ئایا چاوەڕوان دەکرێت "بەهاری عەرەبی" جارێکی دیکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە؟

لە عێراق، خۆپیشاندەران لەسەرشەقامەکان تەقەیان لێدەکرێت. لە لوبنان خۆپیشاندەران حکومەتیان پەکخستووە و سەعد حەریری سەرۆک وەزیران ناچار بەدەستلەکارکێشانەوە دەکەن، لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا هێزە ئەمنییەکانی میسڕ هەوڵێکیان بۆ خۆپیشاندان کپکردەوە، کە بڕیاربوو دژ بە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.

عێراق، لوبنان و میسڕ جیاوازی زۆر لە نیوانیاندا هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشیان ئەو ناڕەزاییانەیە کە لەناو ملیۆنان هاوڵاتی وڵاتەکاندا هەیە، بەتایبەت چینی گەنجان.

بەگوێرەی خەمڵاندنێک %٦٠ی دانیشتوانی ناوچەکە تەمەنیان لە خوار ٣٠ ساڵەوەیە. دانیشتوانێکی گەنجیش دەکرێت قازانجێکی زۆر بە وڵات بگەیەنێت، بەڵام بەتەنها ئەگەر ئابووری وڵات و کەرتی پەروەردە و دام و دەزگاکانی حکومەت بەباشی کاربکەن و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان پڕبکەنەوە، بەڵام جگە لە چەند وڵاتێکی دیاریکراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە نابینرێت.

گەنجانی عێراق، لوبنان و ناوچەکە هەندێکجار ناڕەزایی دەیانگرێتەوە و هەرزوو ئەو ناڕەزاییەش بۆ توڕەییەکی زۆر دەگۆڕێت.

چارەسەرنەکردنی گەندەڵی

گەورەترین نیگەرانی هاوڵاتیانی ناوچەکە، گەندەڵی و بێکارییە، کە کاریگەرییان لەسەریەک هەیە.

بە گوێرەی چەند ڕیزبەندییەکی جیهانی کە سەبارەت بە گەندەڵی ئەنجامدراون، عێراق بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتی جیهان دیاریکراوە، لوبنانیش لەو ڕووەوە لە عێراق باشترە ئەگەرچی جیاوازییەکی ئەوتۆی نیە.

گەندەڵی وەک نەخۆشی شێرپەنجە ئاوات و ئومێدەکانی ئەو کەسانە لەناودەبات کە دەبنە قوربانی.

زەرەرمەندانی سیستەمێکی گەندەڵ زۆر بەخێرایی توڕە  دەبن کاتێک دەبینن تەنانەت کەسانی خاوەن بڕوانامەش ناتوانن کاریان دەستبکەوێت، دواتر دەنگی ناڕەزاییان دەدەنە پاڵ یەکتر.

کاتێکیش دام و دەزگاکانی حکومەت، دادگا و پۆلیس لە گەندەڵییەوە تێوەدەگلێن، هەموو سیستەمی دەسەڵات شکست دەهێنێت.

لە هەردوو عێراق و لوبنان، خۆپیشاندەران بەتەنها داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت تەواوی سیستەمی دەسەڵات چاکسازی تێدابکرێت و بگۆڕدرێت.

وەڵامدانەوەی خۆپیشاندانەکان

یەکێک لە ڕاستییە تراژیدییەکەی عێراق ئەوەیە، توندوتیژی لەناو کۆمەڵگادا ڕەگی داکوتیوە. کاتێک خۆپیشاندەران، درووشمیان دژ بە بێکاری، گەندەڵی و حکومەت وتەوە و ڕژانە سەر شەقامەکان، زۆری نەخایاند هێز لە دژیان بەکارهێندرا.

خۆپیشاندانەکانی عێراق تا ئێستا ڕابەرێکی دیاری نیە، بەڵام پێویستە حکومەتی عێراقی ترسی ئەوەی هەبێت کە تا ژمارەی کوژراو و برینداران لە نێو خۆپیشاندەراندا زیادبکات، خۆپیشاندانەکان زیاتر رێکدەخرێن.

لە لوبنانیش لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە خۆپیشاندانەکان دەستیپێکردووە، کە سەرەتا دژ بە باج خستنە سەر توتن و بەنزین و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی وەتسئەپ سەریهەڵدا و هەرچەندە حکومەت ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە بەڵام زۆر درەنگ بوو.

کەواتە ئایا ئەمە سەرهەڵدانەوەی بەهاری عەرەبییە؟ لە هەموو شت زیاتر نیشانەیە بۆ کۆتایی نەهاتنی رووداوەکانی ساڵی ٢٠١١.

ئەو نیگەرانیانەی کە بوونە هۆی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١دا، تا ئێستا ماون و لەهەندێک حاڵەتیشدا زیاتر قوڵبوونەتەوە.

شکستی سیستەمێکی دەسەڵاتی گەندەڵ کە نەتوانێت پێداویستییەکانی زۆرینەی هاوڵاتیان و چینی گەنجان پڕبکاتەوە، گرەنتی ئەوە دەدات، توڕەیی و نیگەرانی پشت خۆپیشاندانەکان دەمێنێت.