سەردێڕ:

چاوشئۆغلۆ: هەر شەڕڤانێکی کورد پاش ١٥٠ کاتژمێرەکە لە ناوچەی ئارامدا بمێنێتەوە دەکوژرێت

ئەمڕۆ ماوەى ١٥٠ کاتژمێرییەکە کۆتایى دێت
باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەخت
فۆتۆ: میدیاکان
2019-10-30

4510 جار خوێندراوەتەوە

مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، تورکیا هەر شەڕڤانێک دەکوژێت ئەگەر بێت و لە پاش تەواوبوونی ١٥٠ کاتژمێرەکە لە ناوچەی ئارامدا مابێتەوە.

وەزیرەکەی دەرەوەی تورکیا لە پرێس کۆنفرانسێکیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە ژنێف ئەوەشی وت، "یەپەگە ڕایگەیاندووە کە لە ناوچەی ئارام کشاونەتەوە، بەڵام ئێمە باوەڕ بەو چەکدارانە ناکەین".

دوێنێ سێشەممە، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان-ی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ڕوسیا ئەوانی ئاگادار کردووەتەوە لە کشانەوەی یەپەگە لەسەر سنوورەکانی تورکیا-سوریا، هەروەکو ئەوەی روسیا و تورکیا ڕێککەوتنیان لەوبارەیەوە کردبوو بۆ ماوەى ١٥٠ کاتژمێر.

لێدوانی ئەو بەرپرسانەی تورکیا لە هەمان ئەو ڕۆژەدا بوو کە کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ دەنگدان لەسەر سزادانی تورکیا کۆبونەوە. لە کۆبوونەوەکەی کۆنگرێسدا، دەنگ لەسەر ژمارەیەک بڕیار دراوە کە ڕازیبوونی ئەنجومەنی پیران و واژۆی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمریکای ماوە و لەمبارەیەشەوە، بۆ لێپرسینەوە لەو سزایانە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە دەکات.