سەردێڕ:

سەعد حەریرى سەرۆک وەزیرانى لوبنان دەستیلەکار کێشایەوە

نامەى دەستلەکارکێشانەوەى رادەستى سەرۆک کۆمار کرد
فۆتۆ: 
2019-10-29

3641 جار خوێندراوەتەوە

سەعد حەریرى سەرۆک وەزیرانى لوبنان دەستیلەکار کێشایەوە و رایگەیاند، لەسەر داواکارى خۆپشاندەران ئەو کارە دەکات.

لە لێدوانێکی راستوخۆیدا بۆ گەلى لوبنان سەعد حەریرى سەرۆک وەزیرانى لوبنان رایگەیاند، لەسەر داواکارى خۆپیشاندەران دەستلەکاردەکیشێتەوە.

حەریرى ووتى، "راستوخۆ بەرەو کۆشکى سەرۆکایەتى لوبنان دەڕۆم تا نامەى دەستلەکارکێشانەوەکەم پێشکەشى میشیل عەون سەرۆک کۆمار بکەم".

هاوکات میدیاکانى لوبنان بڵاویانکردەوە، خۆپیشاندەران لە ناوەراستى بەیروت ئاهەنگى خۆشى دەردەبڕن دواى بیستنى هەواڵى دەستلەکارکیشانەوەى سەرۆک وزیرانى لوبنان.

میدیاکانى ئەو وڵاتە ئاماژەبەوەدەکەن، سەعد حەریرى دواى وتارەکەى بەرەو شارى بعەبدا رۆیشتووە تا نامەى دەستلەکارکێشانەوەکەى رادەستى سەرۆک کۆمار بکات. 

بەپێى دەستورى لوبنان سەرۆک کۆمار دەتوانێت رەزامەندى لەسەر دەستلەکارکیشانەوەکە نەدات و داواى لێبکات دواى بخات.

هاوکات بەپێى ماددەى ٦٩ى دەستورى لوبنان لەکاتى هەڵوەشاندنەوەى حکومەت پەرلەمان دانیشتنێکى نائاسایى رێکدەخات و حکومەتى نوێ رادەسپێرێت بۆ ئەوەى متمانەى هەبێت.

ئەمەش لە دوای ئەوە هات، لە ١٧ی مانگەوە هاوڵاتیانی لوبنان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و سەرەتاش دژ بە زیادکردنی باج دەستیانپێکرد  و دواتر داواکارییەکانیان گۆڕا و داوای دەستلەکاکێشانەوە و ڕۆیشتنى سەرکردە سیاسییە "گەندەڵەکانیان" کرد.

سەعد حەریری  تەمەنى ٤٩ ساڵە و کوڕی سەرۆکی پێشووتری لوبنانە ڕەفیق حەریریی کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا تیرۆر کرا .