سەردێڕ:

​ چیرۆکی ئەو سێڵفییەی دوای ١٧ ساڵ دوو خوشکی بەیەکتر ئاشناکردەوە

دوو خوشکەکە. میچ و کاسیدی.
فۆتۆ: بی بی سی
2019-10-29

18914 جار خوێندراوەتەوە

لە مانگی چواری ١٩٩٧، منداڵێکی کچی تەمەن سێ ڕۆژ، لە نەخۆشخانەی گشتیی کەیپ تاون لە ئەفریقای باشور، ڕفێندرا. دوای ١٧ ساڵ، ئەو منداڵە لە قوتابخانەکەی، بەڕێکەوت چاوی بە کچە خوێندکارێکی نوێ دەکەوێت و لەوێوە ئیتر چیرۆکی دۆزینەوەی خوشکەکەی دەست پێدەکات.

ناوی منداڵی ڕفێندراو: میچ سۆلۆمۆن
ناوی منداڵی ڕفێندراو لای باوک و دایکی بایۆلۆجی: زێفانی نێرس
ناوی ئەو ژنەی میچ-ی ڕفاند: لاڤۆنا سۆلۆمۆن
ناوی ھاوسەری لاڤۆنا: مایکڵ سۆلۆمۆن
ناوی خوشکی بایۆلۆجی میچ: کاسیدی نێرس
ناوی دایکی بایۆلۆجی میچ: سێلێست نێرس
ناوی باوکی بایۆلۆجی میچ: مۆرن نێرس

لە ساڵی ٢٠١٥، کاسیدی دەچێتە قوتابخانەیەکی نوێ، قوتابخانەی زانسویک-ی ئامادەیی لە کەیپ تاون. ھەر ئەو ساڵە، کۆتا ساڵی خوێندنی میچ دەبێت لەو قوتابخانەیە. ھاوڕێکانی میچ باسی قوتابییەکی تازەی بۆ دەکەن کە سێ ساڵ لە میچ منداڵتر دەبێت. وردە وردە دەبنە ھاوڕێی یەکتری.
شێوەیان ھێندە لەیەک چووە کە زۆر کەس پرسیاری ئەوەی لێکردوون کە ئایا خوشکن؟ ئەمانیش لە وەڵامدا ھەمیشە پێکەنیون و وتویانە کە نازانین، لەوانەیە لە ژیانێکی دیکەدا خوشک بن.
ڕۆژێکیان ئەم دوو خوشکەی کە ھێشتا بەیەکیان نەزانیبو، وێنەیەکی سێڵفی پێکەوە دەگرن، دواتر کە نیشانی ھاوڕێکانیانی دەدەن، ھاوڕێکانیان بە گاڵتەوە بە میچ دەڵێن، "ئەرێ دڵنیای کە لەجێی ماڵی ڕاستەقینەی باوک و دایکت، تۆ لە ماڵێکی تر بەخێو نەکراویت؟". ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، "نەخێر، ئێوە شێت بوون؟".
بەڵام ئەو پرسیارە سەری میچ دەخوات. ڕۆژ و شەو بیری لێدەکاتەوە. کاسیدی-ش لای خۆیەوە، ھەواڵی لێکچونێکی زۆری خۆیی و میچ دەدات بە دایک و باوکی. دایک و باوکێک کە ١٧ ساڵە وێڵ و عەوداڵی دۆزینەوەی کچە تەمەن سێ ڕۆژییە ڕفێندراوەکەیانن.
باوک و دایکی کاسیدی (کە باوک و دایکی میچ-یش دەکات)، سەردانی قوتابخانەکە دەکەن و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکەدا ئەو بابەتە تاوتوتێ دەکەن. ڕۆژێک بەڕێوەبەری قوتابخانەکە میچ بانگ دەکات و چیرۆکی ڕفاندنی منداڵێکی بۆ دەگێڕێتەوە بەناوی زێفانی نێرس، لە تەمەنی سێ ڕۆژییدا و لە ساڵی ١٩٩٧.

سەرەتا میچ ئەم شتانەی پێ ھەزم ناکرێت، بەڵام دواجار بڕیار دەدات کە تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی ئەنجام بدات.
تاقیکردنەوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە میچ کچی بایۆلۆجی (ڕاستەقینەی) سێلێست و مۆرن نێرس-ە و خوشکی کاسیدی-یە.
میچ لە وەسفی ئەوەی کە بۆ یەکەمجار خێزانە بایۆلۆجییەکەی بینیوەتەوە دەڵێت، "ئەوان باوەشیان پێدا دەکردم و دەگریان، منیش ھیچ ھەستێکم بۆیان نەبوو. ئەوان ١٧ ساڵ بیری منیان کردبوو، منیش بیری ئەوانم نەکردبوو. ئاھـ، زۆر سەختە ئەو ھەستە".
لاڤۆنا سۆلۆمۆن، دایکە ڕفێنەرەکەی میچ دەستگیرکرا و لە داداگا وتی، "کچێک بەناوی سیلڤیا بە منی وتووە کە دایکێک ھەیە دەیەوێت منداڵەکەی بدات بە کەسێک بەخێوی بکات. وتی ئەو دایکە منداڵەکەی ناوێت، ھەر لەبەر ئەوەش بوو من ئەو کارەم کرد". بەڵام لێکۆڵینەوەکان ھیچ بەڵگەیەکیان دەست نەکەوت کە کەسێک بەناوی سیلڤیا بوونی ھەبوبێت لەو کەیسەدا.
باوکی بەخێوکەری میچ، بۆرن سۆلۆمۆن، کە بە ھیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەوە نەبووە و تا ئێستاش وایزانیوە ھەر کچی خۆیەتی، "لاڤۆنا دووگیان بوو، من تا ئێستاش نەمزانیبوو کە ئەو منداڵەکەی خۆمانی لەبارچوبوو، وە زێفانی (میچ)ی ڕفاندووە و ھێناویەتییەوە بۆ ماڵەوە وەکو منداڵی خۆمان". پۆلیس دوای لێکۆڵینەوە بۆی دەرکەوت کە مایکڵ ھیچ تاوانبار نییە و قسەکانی ڕاستن.

میچ کە ئێستا دایکە و خاوەنی کچێکی بچوکە، دوای چەند ڕۆژێک سەردانی دایکە بەخێوکەرەکەی دەکات لە زیندان و دەڵێت، "کە بینیم بە جلی بەندکراوانەوە، دڵم داکەوت و جەرگم بوو بە ئاو"، دەربارەی لێخوشبوونیشی وتویەتی، "من گلەیی زۆرم لێکرد کە منی دزیوە و تەواوی قەدەری منی گۆڕیوە، بەڵام ئەو دایکێکی خراپ نەبوو لەگەڵم، ئەو میھرەبان بوو. بۆ لێخۆشبوونیش، لێخۆشبوون دڵی مرۆڤ پاک دەکاتەوە، من لێی خۆش دەبم و خۆشی چاک دەزانێت کە تا ئێستاش خۆشم دەوێت".

میچ بە منداڵیی لە ئامێزی دایکە ڕفێنەرەکەیدا


میچ و مایکڵی باوکی بەخێوکەری



دایکە ڕفێنەرەکە لەبەردەم دادگادا


دایکی ڕاستەقینەی میچ و کاسیدی خوشکی


باوکی بەخێوکەر و کچەکەی میچ لەکاتی سەردانیاندا بۆ زیندان بۆ لای لاڤۆنا سۆلۆمۆن