سەردێڕ:

بۆچی ئەمریکا ئۆپراسیۆنی کوشتنی بەغدادی ناونا "کایلا مۆلەر"؟

کایلا مۆلەر، چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، ٢٠١٥ بەدەستی داعش کوژرا
فۆتۆ: میدیاکان
2019-10-28

38640 جار خوێندراوەتەوە

ڕاوێژکارێکی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی ناونرا بە "کایلا مۆلەر" وەک ڕێزگرتنێک لەو کچە چالاکوانە کە لە ساڵی ٢٠١٥ بە دەستی چەکدارانی داعش کوژرا.

رۆبێرت ئۆپراین ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، ڕایگەیاند ناونانی ئەو ئۆپراسیۆنەی کە ئەبوبەکر بەغدادی تیادا کوژرا بە "کایلا مۆلەر" وەک ڕێزگرتنێک بووە بۆ کایلا، کە کچە چالاکوانێکی ئەمریکی بوو، لە بواری مافەکانی مرۆڤدا کاریدەکرد.

کایلا لە ساڵی ٢٠١٢ ڕووی لە سنوورەکانی نێوان تورکیا و سوریا کرد، بۆ یارمەتیدانی ئەو پەنابەر و کەسانەی بەهۆی شەڕی ناوچەکەوە زەرەرمەند بوون.

لە ساڵی ٢٠١٣دا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەڕفێندرێت و بە دەستبەسەرکراوی دەمێنێتەوە، تا لە ساڵی ٢٠١٥ هەواڵی کوشتنی کایلا بڵاودەبێتەوە بە دەستی چەکدارانی داعش.

دایک و باوکی کایلا پاش ئۆپراسیۆنەکە قسەیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و داوایان لێ کردووە زانیاریی زیاتریان پێبدات لەسەر کچەکەیان و لەسەر ئەوەی لە کوێ نێژراوە.

دایکی کایلا پاش زانینی ئەوەی ئۆپراسیۆنەکە بە ناوی کچەکەی ئەوانەوە ناونراوە وتوویەتی، "ئەی خوایە لەم دیارییە بۆ ئێمە و بۆ کایلا، ئەمە ئەوەمان پیشاندەدات ئەوان کایلایان لەبیر نەکردووە، مانای ئەوەیە یارمەتیمان دەدەن لە دۆزینەوەی کایلا".

کایلا مۆلەر لە ساڵی ١٩٨٨ لە ویلایەتی ئەریزۆنای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە و وەک چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ کاریکردووە.

دوێنێ ٢٧ی تشرینی یەکەم، لە ئۆپراسیۆنێکدا ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی ڕێکخراوی داعش کوژرا و ئۆپەراسیۆنەکەش بە ناوی "کایلا مۆلەر" ناونرا.