سەردێڕ:

چیرۆکی ئاشکراکردنی ئەبوبەکر بەغدادی لەلایەن ھاوەڵێکیەوە

ئەبوبەکر بەغدادی، سەرۆکی ڕێکخراوی داعش بوو
فۆتۆ: میدیای داعش، ئێن ئار تی گرافیکی بۆ کردووە
2019-10-28

30822 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی شیکارییدا ئاشکرای دەکات، ئەو کەسەی بەھۆیەوە توانیویانە شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی داعش ئاشکرا بکەن، ھاوەڵێکی خودی بەغدادی بووە.

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی پوختەی چیرۆکی ئاشکرابوون و کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی بڵاودەکاتەوە کە بەمجۆرە دەستپێدەکات:

تیمی ھەواڵگریی عێراق زانیاری لەبارەی کەسێکەوە دەبێت بە ناوی ئیسماعیل ئەل-عیساوی کە ھەڵگری دکتۆرایە لە زانستە ئیسلامییەکاندا. ھەواڵگریی عێراقی وای بۆ دەچێت کە عیساوی یەکێک بێت لە پێنج سەرکردە باڵاکەی داعش. عیساوی لە ساڵی ٢٠٠٦دا پەیوەندی بە ڕێکخراوی قاعیدە-وە کردووە، و لە ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە دەستبەسەرکراوە بۆ ماوەی چوار ساڵ، و پاشان لە زیندان ھەڵھاتووە. بە ھاتنی داعش، عیساوی، پەیوەندی پێوە کردوون.

ئیسماعیل ئەل-عیساوی کە دواتر لەلایەن تورکیاوە دەستگیردەکرێت و ڕادەستی عێراق دەکرێت، زانیاری ئەوەی بە تیمە عێراقییەکان دابوو کە بەغدادی ھەندێکجار، جۆرە ستراتیجییەک بەکار دەھێنێت، ئەویش ئەوەیە کە لەنێو مینیباس (بەچکەپاس)ی بە ڕووەک و سەوزەوات ڕووپۆشکراو (بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە)، و لەکاتی لێخوڕیندا، گفتوگۆ لەگەڵ فەرماندەکانی دەکات.

لەمبارەیەوە، ھەواڵگری عێراقی بە رۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، عیساوی زانیاری زۆر بەنرخی پێداون بۆ ھەڵھێنانی مەتەڵی جموجوڵەکانی بەغدادی و ئەو شوێنانەی بەکاری دەھێنێت بۆ خۆشاردنەوە.
ڕاشیگەیاندووە، عیساوی وردەکاری لەبارەی پێنج پیاوەوە پێداون (کە یەکێکیان عیساوی خۆی بووە)، کە چاویان بە بەغدادی کەوتووە لە سوریا و ھەروەھا، زانیاری لەسەر شوێنە جیاوازەکانی چاوپێکەوتنەکانیش پێداون.

ئەبوبەکر بەغدادی ئەرکی جێبەجێکردنی سرووتە ئایینییەکان و ھەڵبژاردنی فەرماندەکانی بە عیساوی سپاردبوو. دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧دا، ڕێکخراوی داعش لە عێراق تێکدەشکێت، عیساوی و ھاوسەرە سورییەکەی دەچنە سوریا.

یەکێکی تر لە کلیلەکانی کردنەوەی مەتەڵی بەغدادی بریتی بووە لەو ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەی کە لە سەرەتای ئەمساڵدا، لەنێوان ھەواڵگریی ھەریەک لە ئەمریکا، تورکیا و عێراقدا ئەنجامدرا و تێیدا، پێنج سەرکردەی داعش دەستگیرکران کە چواریان عێراقی و ئەوی دیکەیان سوری بوو.

ئەو پێنج سەرکردەیەی دەستگیریان کردبوون، زانیاری زۆر وردیان لەبارەی ئەو شوێنانەی کە تێیدا چاویان بە بەغدادی کەوتووە، دابووە تیمە عێراقییەکە و تیمە عێراقییەکەش بڕیاریدابوو لەوبارەیەوە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەواڵگریی ئەمریکا، سی ئای ئەی-دا بکات بەمەبەستی دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو ناوچانەی دەستگیرکراوەکان ئاماژەیان پێکردبوو.

لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩دا، تیمە ھەواڵگرییە ھاوبەشەکە، ناوچەی "ئیدلیب"یان وەکو شوێنی بەغدادی دیاریکرد و سەرنجی ئەوەیاندابوو کە بەغدادی جار جار لەگەڵ خێزانەکەیی و سێ ھاوەڵی نزیکی، جموجوڵ لە گوندێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، دەکات.

چیرۆکی دۆزینەوەی شوێنی بەغدادی
لە کاتی چاودێریکردنی دەڤەرە جیاوازەکانی ئیدلیبدا، ڕۆژێکیان پیاوێکی جبە و عەمامەبەسەر، کە خەریکی کڕینی شتومەک بووە لە مارکێتێکی ئیدلیبدا، دەکەوێتە بەرچاوی کامێراکانی تیمەکە. بەھۆی ئەوەی کە ئەو پیاوە داواکراو بووە و تیمەکە وێنەی ئەویان پێبووە، دوای لێوردبوونەوەی، بۆیان دەردەکەوێت کە ئەوە ئیسماعیل ئەل-عیساوی-یە و ھەربۆیە لە کاتی گەڕانەوەیدا، شوێنپێی عیساوی ھەڵدەگرن و دەگەنە ئەو شوێنەی کە بەغدادی لێ دەژیا و دەمایەوە.

ئیتر لەوەبەدوا ئەرکەکە بە سی ئای ئەی دەسپێردرێت.

سی ئای ئەی سەتەڵایت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەنێرێتە ئاسمانی ئەو ناوچەیەی عیساوی لە مارکێتەکەوە بۆی گەڕابوویەوە و بۆ ماوەی پێنج مانگ چاودێریی شوێنەکەیان کردووە.
بەپێی ئەو سەتەڵایتەی ھەڵیاندابوویە ئاسمانی شوێنی نیشتەجێبوونەکەی، ئەبوبەکر بەغدادی دوایەمین جار کە جوڵا بێت ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە بووە کە بە بەچکەپاسێک و بە ھاوەڵی چەند کەسێک چووەتە گوندێکی ئەو نزیکانە.

لەلایەکی تریشەوە لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا، گروپی چەکداری تەحریر ئەل-شام، کە بەرماوەی بەرەی نوسرەن و نزیک لە تورکیان، ساڵانی پێشتریش لە شەڕدابوون لە دژی داعش، زانیاری ئەوەیان پێگەیشتبوو کە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەبوبەکر بەغدادی دەکەوێتە ئەو ناوچەیەی کە ئەوان تێیدا باڵادەستن (ئیدلیب)، بۆیە ھەموو ھەوڵێکی خۆیانیان خستبووەگەڕ بۆ دۆزینەوەی سەرۆکەکەی داعش، لەو ھەڵمەتەشیاندا تەنھا توانیبویان ھاوەڵێکی بەغدادی دەستگیر بکەن بەناوی ئەبو سولەیمان ئەل-خالیدی کە یەکێکە لەو سێ پیاوەی لە دوایەمین پەیامی ڤیدیۆیی ئەبوبەکر بەغدادیدا دەردەکەوێت.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا چەکدارانی تەحریر ئەل-شام شارۆچکەی سەرمین-یان لە ناوچەی ئیدلیب بە تەواوی پشکنی بوو، چونکە ترسی ئەوەیان ھەبوو کە ھێشتا پشتیوانانی داعش لەناو گروپەکەیاندا و لەناو خەڵکی ناوچەکەشدا ماون و ڕەنگە بەغدادی بتوانێت لەوێوە جارێکی تر داعش زیندوو بکاتە، بەڵام گەڕانەکەیان بێسوود بوو، و نەیانتوانی بەغدادی بدۆزنەوە.

دواجار، لە ڕۆژی ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا لە شەوی ٢٦/٢٧ی ئەم مانگەدا، لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازییدا، لە ناوچەیەک لە نزیک گوندی باریشەی نزیک بە شاری ئیدلیب، ئەبوبەکر بەغدادیان بە ئامانجگرتووە و کوشتوویانە. ئەوەشی وتبوو کە بەغدادی لە ناچارییدا خۆی تەقاندووەتەوە و دوو ھاوسەر و منداڵەکانیشی لەگەڵدا کوژراون.
ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە)ش ڕایگەیاند، ئەوان ھاوکاری ھێزەکانی ئەمریکایان کردووە و ماوەی پێنج مانگە پلان بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە دادەنێن و ئەگەر ھێرشەکانی تورکیاش نەبوایە بۆسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوا مانگێک لەمەوبەر ئۆپراسیۆنی کوشتنی بەغدادییان ئەنجامدەدا.

سەرچاوەکان باس لە ھاوکارییەکانی ھەرێمی کوردستان لەو بوارەدا دەکەن و ئاماژە بەوەشدراوە کە ھەولێر وێستگەی ھێلیکۆپتەرە ئەمریکییەکانی تایبەت بە ئۆپراسیۆنی کوشتنی بەغدادی بووە.

هـ.ب