سەردێڕ:

نەوەی نوێ: سێ خۆبەخشی جوڵانەوەکەمان لە کەربەلا دەستگیرکراون

فۆتۆ: 
2019-10-27

1444 جار خوێندراوەتەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە کەربەلا، سێ خۆبەخشی جوڵانەوەکەمان بەھۆی ھاوسۆزیان بۆ خۆپیشاندان و مانگرتنە مەدەنییەکان دەستگیرکراون"، داواشدەکات، "ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەت ھەڵبوەشێتەوە".

لە راگەیەندراوێکدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە کەربەلا، سێ خۆبەخشی جوڵانەوەکەمان بە ناوەکانی،" احمد صلاح ھادی، سعد ازھر محمد شمخی، رامی الکربولی" بەھۆی ھاوسۆزیان بۆ خۆپیشاندان و مانگرتنە مەدەنییەکان بۆ داواکاردنی مافەرەواکانی خەڵکی عێراق دەستگیرکراون، دەشڵێت، "حیزبی ئۆپۆزسیۆن بە پێی دەستوور مافی ئۆپۆزسیۆنبونی ھەیە، ئیتر چۆن کادیرانی دەگرن لەبەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆنە ؟".

نەوەی نوێ ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دەستگیرکردن و شەھیدکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی مەدەنیی نەک ھەر کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان ناھێنێ، بەڵکو نەوەی نوێ و خۆپیشاندەرانیش زیاتر سوور دەکات کە بەردەوام بن لە داواکردنی مافی سەرەتایی و رەوای ھاونیشتیمانیان".

دەربارەی دۆخی خۆپیشاندانەکان، نەوەی نوێ دەڵێت، "چارەسەری ئەم دۆخە بەوە دەکرێ حکومەت و سێ سەرۆکایەتییەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەزووترین کات بەدەم داواکاریی خۆپیشاندەرانەوە بچن، ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەت ھەڵبوەشێتەوە و ھەڵبژاردنێکی پێشوەختی بێگەرد بەچاودێری نێودەوڵەتیی بکرێ بەبێ بەشداریی ئەو دەموچاو و کەسایەتیی و لایەنانەی بەرپرسیاری یەکەمی ئەم ھەموو گەندەڵی و نادادپەروەرییەن و دۆخی عێراقیان بەم رۆژە گەیاندووە".

ماوەی سێ ڕۆژە خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق دەستیپێکردووەتەوە و، بەھۆیەوە نزیکەی ٨٠ کەس کوژراون و سەدان کەسی دیکەس برینداربوون.