سەردێڕ:

کوڕ و برایەکی پارێزگاری کەرکوک و چەند بەرپرسێکی دیکە دەستگیر کران

فۆتۆ: 
2019-10-27

4154 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی، ئاسۆ ئەحمەد، کەرکوک

لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵی، چەند بەرپرسێکی باڵای پارێزگای کەرکووک دەستگیرکران، کە لەناویاندا سکرتێری پارێزگار ھەیە کە کوڕی پارێزگارە و بەرپرسی نووسینگەکەشی کە برای پارێزگارە بە ھەمان شێوە لەناو دەستگیرکراوەکاندایە.

دیلان غفور ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی ڕایگەیاند،  "لەسەر ئەو دۆسیەی گەندەڵییەی لە نەزاھەی کەرکووک لەسەر ڕاکان جبووری ھەیە، دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ١٣ بەرپرسی باڵای پارێزگا دەرکردووە و حەوتیان ئەمڕۆ دەستگیر کراون".

وتیشی، "سکرتێری پارێزگار کە کوڕی پارێزگارە و ناوی قوتەیبەیە، بەرپرسی نووسینگەکەی کە برای پارێزگارە و ناوی حاجی ئیبراھیمە، بەڕێوەبەری ژمێریاری، بەڕێوەبەری پلاندانان، بەڕێوەبەری وردبینی، بەرپرسێکی باڵای پلاندانانی گشتی و بەرپرسی بەشی گرێبەست، ئەمڕۆ دەستبەسەر کراون".

دەربارەی ئەو دۆسیەیەی کە ئەو کەسانەی لەسەر دەستگیرکراون، دیلان غفور وتیشی، "لە دادگای نەزاھەی کەرکوکەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕاکان جبوری دەرچووە لەسەر سکاڵایەک کە دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەسەری تۆماری کردووە".