سەردێڕ:

خۆپیشاندەران بینا و بارەگا حکومی و حزبییەکانیان لە چەند شارێک سوتاند

خۆپیشاندان لە بەغدا و ١١ پارێزگای دیکە ئەنجامدرا
فۆتۆ: 
2019-10-25

4778 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ، بەغدا، ئومێد محەمەد 

خۆپیشاندەران بارەگاکانی عەسائیبی ئەھلی حەق و ڕەوتی حیکمەیان لە پارێزگای موسەننا سوتاند و هاوکات لە چەند شارێکى تریش سەرجەم بارەگای حزبەکانیان سوتاندووە.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر چەند بینایەکی حکومی و حزبی و سوتاندوویانە  لە نێویاندا  بینای پارێزگای موسەنا و بارەگاکانی عەسائیبی ئەھلی حەق و ڕەوتی حیکمە لە پارێزگاکە.

بە پێی زانیارییەکان، لە شاری ناسرییە و دیوانییەش خۆپیشاندەران بینای پارێزگایان سوتاندووە و بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر دامودەزگا حکومییەکان.

میدیاکان ئەوەشیان خستەڕوو، لە شاری نەجەفیش خۆپیشاندەران هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای حزبی دەعوە و سوتاندوویانە.

هەروەها پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، خۆپیشاندەران لە شاری سەماوەش لە باشوری عێراق بارەگای سەرجەم هێزە سیاسییەکانیان سوتاندووە.

ئاماژەبەوەشكراوە، ئەندامانی ئەو حزب و ڕەوتانە بارەگاکانیان لە ترسی خۆپیشاندەران چۆڵکردووە و تەنها زیانی مادی بەر بیناکە کەوتووە.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند،  تا ئێستا نزیکەى  ٧٠ ئەندامی هێزە  ئەمنییەکان برینداربوون.

 سەرچاوە تەندروستییەکانی عێراقیش ڕایانگەیاندووە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠ خۆپیشاندەر برینداربوون  و برینى هەندێکیان سەختە.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەسەرداوای بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان و چالاکوانانی عێراق،  ئەمڕۆ ھەینی ٢٥ی تشرینی یەکەم، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە بەغدا و ١١ شاری دیکەی عێراق بەڕێوەدەچێت، دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی و گەندەڵی کارگێڕیی لەناو حکومەتدا.