سەردێڕ:

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی نوێترین زانیاری لەبارەی دەستگیرکردنی شیروان عەبدوڵاوە بڵاودەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-10-25

52299 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی ئێوارەی دوێنی ھونەرمەندی میللی ناسراو شیروان عەبدوڵا  لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکرا و بێسەروشوێن بوو، لە ئێستادا ئازادکراوە.

مەریوان عەبدوڵا برای ھونەرمەندی ناوبراو بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شیروان عەبدوڵا لە دوێنێوە لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکرابوو و، لەناو فڕۆکەخانەی ئیستەنبول ھێشتبوویانەوە و ئەم بەیانییە ئازادکراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، "بە ھەوڵی ھەریەکە لە یەشار کوردە بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی پەنابەران و ئاری جەلال بەرپرسی کاروباری پەنابەران توانیویانە شوێنەکەی دیاری بکەن و وتوویانە: لە ئێستادا ئازادکراوە و ھەموو کێشەکانی چارەسەر کراون".

ناوبراو وتیشی، "تا ئێستا نازانین ھۆکاری دەستگیرکردنی چی بووە و ھیچ زانیارییەکمان لەوبارەیەوە پێنەگەشتووە".

ئەمەش دوای ئەوەھات، شیروان عەبدوڵا لە گەشتێکدا لە ئەڵمانیاوە ویستوویەتی بگەڕێتەوە بۆ کوردستان و، لە شاری ئیستەنبول بە مەبەستی ترانزێت دابەزیوە، بەڵام کاتێک گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی تورکیا، پۆلیسی ئەو وڵاتە دەستبەسەریان کردووە و بۆماوەیەک بێسەروشوێن بووە، تا ئێستاش نازانرێت ھۆکاری دەستبەسەرکردنی چی بووە.