سەردێڕ:

ئەردۆغان: پێویستە ئەمریکا مەزڵوم کۆبانێ رادەستی تورکیا بکات

فۆتۆ: 
2019-10-25

7932 جار خوێندراوەتەوە

سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند، وەزیری دادى تورکیا لە ئێستادا خەریکی نوسراوە یاساییەکانە تا لەڕێگەیەوە مەزڵوم کۆبانێ داوا دەکەینەوە و دەبێت ئەمریکاش ڕادەستمان بکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لەمیانى بەشداریکردنى لە پرۆگرامێکى کەناڵی تەرەتە ڕایگەیاند،  بە خودی ترەمپم وت لێتان دڵگرانین، لەبەر ئەوەی لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ نامە دەگۆڕنەوە و، ئەو نامەیەش ھاوپێچی نامەکەی خۆتانی دەکەن و بۆ ئێمەی دەنێرن.

ڕاشیگەیاند، "وەزیری دادى تورکیا لە ئێستادا خەریکی نوسراوە یاساییەکانە تا لەڕێگەیەوە مەزڵوم کۆبانێ داوا دەکەینەوە و دەبێت ئەمریکاش رادەستمان بکات".

ئاماژەى بەوەشکرد، "کێشەیان تەنھا لەگەڵ هێزەچەکدارەکان  ھەیە وئەنقەرە دوژمنی کوردەکان نیە، چونکە کوردەکان لێرەدا برای ئێمەن و ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەواندا نییە".

ئەوەشى خستەڕوو، "تورکیا چاوەڕێی پێشھاتەکان دەکات چونکە ئەمریکییەکان دەڵێن مەچنە کۆبانێ و رووسەکانیش دەڵێن بچن، ئەنقەرەش لەو دۆخانەدا چاوڕێی پێشھاتەکان دەکات و دواتر بڕیارى خۆى دەدات".

هەروەها، لەبارەی داعشە زیندانیکراوەکان وتى، " لەناو داعشدا ژمارەیەک تورکیش ھەیە دادگاییکردنی ئەوانە لە ناو زیندانەکان دەبێـت، یاخود دەیانھێنینەوە تورکیا و لێرە دادگاییان دەکەین، ئەمانە ژن و منداڵیشیان تێدایە، بۆیە ئێمە بە ھەستیارییەوە کاری لەسەردەکەین".

ئەوەش لەکاتێکدایە لە ٩ی تشرینى یەکەمەوە ، تورکیا هێرشی سەربازی بۆسەرڕۆژئاواى کوردستان دەستپێکرد و، تا ئێستاش سەدان شەڕڤان و هاوڵاتی مەدەنى شەهید بوون و ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی ڕۆژئاوای کوردستانیشی لێکەوتووەتەوە.