سەردێڕ:

ئەردۆغان: ھێرش دەکەینە سەر ئەو ھێزە کوردییانەی لە ناوچەی ئارام ماون

فۆتۆ: 
2019-10-24

5768 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، تورکیا مافی خۆی بەکاردەھێنێت و ھێرش دەکاتە سەر ئەو ھێزە کوردییانەی کە لە ناوچەی ئارامدا ماون و باکووری سوریایان چۆڵ نەکردووە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕایگەیاند، "ھێرش دەکەنە سەر ئەو ‌ھێزە کوردییانەی تا ئێستا لە باکووری سوریا نەکشاونەتەوە و ناوچەکانی ناو ڕێککەوتنی ناوچەی ئارامیان چۆڵ نەکردووە".

ھەروەھا ئەردۆغان وتیشی، "تورکیا ڕێوشوێنی تایبەت دەگرێتەبەر و پلانی ھێرشکردن دادەنێت بۆ سەر ئەو ناوچانە، ئەگەر بێتو ھێزەکانی سوریا دیموکرات لەو ناوچە سنوورییانە نەکشێنەوە کە سەربە ڕێککەوتنەکەن".

ھاوکات ھێزەکانی سوریای دیموکرات دوێنێ ٢٣ی تشرینی یەکەم، تورکیایان تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوانەی کە لە سێ گوندی سەربە ناوچەی ئارام ڕوویاندا.

ھەردوێنێ، چەند تەقینەوەیەک لە ناوچەکانی حەسەکە، سلوک و قامیشلۆ ڕوویاندا و لە ئەنجامدا چەند شەھید و بریندارێکی لێکەوتەوە.