سەردێڕ:

بڕیارە لە ١٢ شاری عێراق خۆپیشاندان دەستپێبکاتەوە

خۆپیشاندەرانی عێراقی
فۆتۆ: 
2019-10-24

3364 جار خوێندراوەتەوە

لەسەرداوای بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان و چالاکوانانی عێراق، وابڕیارە ھەینی ٢٥ی تشرینی یەکەم، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە بەغدا و ١١ شاری دیکەی عێراق بەڕێوەبچێت، دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی و گەندەڵی کارگێڕیی لەناو حکومەتدا.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەوپەڕی ئامادەباشی و ئامادەکاریان کردوە بۆ خۆپێیشادانە چاوەڕوانکراوەکەی رۆژی ھەینی و پاراستنی دامەزراوەکان و مڵکوماڵی گشتی و تایبەت، دەشڵێت، "پێویستە ھێزە ئەمنیەکان لە چوارچێوەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و  رێنمایی و راسپاردەکانی پاراستنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە ھەڵسوکەوت بکەن".

بەبۆچوونی بەشێک لە چاودێران، ھۆکاری سەرەکی دروستبوونی خۆپیشاندانەکان لە عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی گەندەڵی، بەفیڕۆدانی سامانی وڵات و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لەلایەن سەرکردە عێراقییەکانەوە.

بانکی ناوەندی عێراق پێشتر لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا ڕایگەیاندبوو، "لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠١٧ دا، مامەڵەیان بە ٧٠٦ ملیار دۆلارەوە کردووە کە ھاتووەتە بانکەکەیانەوە".

بانکەکە ئاماژەی بەوەشدابوو، "لە ساڵی (٢٠٠٣ )وە ئابوری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو ھەڵکشاوە کە لەگەڵیدا نرخی نەوتی جیھانی بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە".

جۆن ویکلس باڵیۆزی بەریتانیا لەبەغدا ساڵی ڕابردوو بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندبوو، "دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی داعش، گەندەڵی بووەتە گەورەترین ھەرەشە لەسەر دۆخی ئارامی عێراق، ھۆشداریشیدا لە ھەرەسھێنانی دۆخی عێراق بەھۆی گەندەڵییەوە ".

محەمەد یەعقوبی کە مەرجەعێکی ئایینی شیعەکانە پێشتر رایگەیاندبوو،"ھەندێک لە وەزیرەکانی کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی تۆمەتبارن بە تیرۆر و گەندەڵی و پێویستە ئەستۆپاکی خۆیان بسەلمێنن".

ھاوکات مانگی ڕابردوو، بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە دیداری سەرکردەکانی جیھان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا ڕایگەیاند، " پێویستە گەندەڵی نەھێڵدرێت، چونکە گەندەڵی ھۆکارێکە بۆ سەرھەڵدانی توندڕەوی و دیوی دووەمی تیرۆرە".

قسەکانی سەرۆک کۆماری عێراق لە کاتێکدایە، ھەرچەندە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق باس لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکەن، بەڵام وەکو بەشێک لە شارەزایانی دۆخی ئابوری باسی دەکەن، گەندەڵی لە بەشێکی زۆر لە سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری و  کەرتەکانی وەبەرھێنان، ئاسایش، نەوت  وگاز  و چەندین سێکتەری دیکەدا بوونی ھەیە و، حکومەتی ئێستای عێراق بە ئاسانی توانای رووبەڕووبونەوەیانی نیە.

ڕ.د