سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی لکاندنی منداڵ بە خێزانی جێگرەوەی پەسەند کرد

فۆتۆ: 
2019-10-23

7111 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پرۆژەی لکاندنی منداڵ بە خێزانی جێگرەوە پەسەند کرا کە لە لایەن وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە پێشکەشکرابوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەن و، ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی عێراق و سوریا  تاوتوێ کرا و چەند بڕیارێکیش دەربارەی چەند پرسێکی جیاواز دەرکران.

لە یەکێک لە بڕیارەکاندا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پەسەندکردنی پرۆژەی لکاندنی منداڵ بە خێزانی جێگیرەوە، کە لەلایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرابووەڕوو، پرۆژەکە بە شێوەیەکی (مەبدەئی) پەسەند کرا بە ئەنجامدانی چەند گۆرانکارییەک تێیدا.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەش کرا لە چەند ڕۆژی داھاتوودا، پاش کۆتاییھاتنی سەد رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی بەرفراوان بڵاودەکرێتەوە دەربارەی وردەکارییەکانی ئەو کار و پڕۆژانەی ئەنجام دراون و ئەوانەی نەتواندراوە ئەنجام بدرێن، لەگەڵ روونکردنەوەی ئەو ھۆکارانەی وایکردووە ئەنجامنەدرێن. 

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەربارەی دۆخی خۆپیشاندانەکان باسی لەوە کرد ئەوان لەگەڵ داواکانی خۆپیشاندەرانن بەڵام بە ڕێگایەکی ئارام و دوور لە توندووتیژی، وتیشی سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق لە بەرژەوەندی ھەموو خەڵکی عێراقە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.

دەربارەی دۆخی ڕۆژئاوی کوردستانیش نیگەرانی خۆیان دەربارەی دۆخەکە دەربڕی و باسیان لەوە کرد کاریگەری لەسەر ھەرێمیش دەبێت، بەو پێیەی ھەتا ئێستا نزیکەی ھەشت ھەزار پەنابەر ڕوویان لە ھەرێم کردووە و ھەموو کارێک دەکەن بۆ ھاوکاریکردنیان.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا گفتووگۆ دەربارەی پێداچوونەوە بە پێکھاتەی کارگێڕیی و دارایی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کرا، لەگەڵ راپۆرتێکی فەرمـانگەی ھەمـاھەنگی و بەدواداچوون دەربارەی ڕێکخسـتنەوە، کـۆکردنەوە و ھەڵگرتنی ســــەرجەم ئەو دۆکیۆمێنت و ڕێککەوتننامە و یاداشتی لەیەکگەیشتنانەی کە لەکاتی سەردانی  فەرمی شاندەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بــــۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام دراون.