سەردێڕ:

عادل عەبدول مەھدی: ڕێگە بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا نادەین لە خاکی عێراق کە لە سووریا کشاونەتەوە

فۆتۆ: 
2019-10-23

1921 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ ٢٤ی تشرینی یەکەم، وتارێک بۆ گەلی عێراق دەدات و تیایدا دەربارەی دۆخی عێراق و ھەروەھا دەربارەی ھەنگاوەکانی چاکسازیکردن قسەدەکات، دەشڵێت ئەو خێزانانەی داھاتی مانگانەیان نییە موچەیان بۆ دەبڕینەوە .

عادل عەبدول مەھدی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیس بووک دەشڵێت، "ڕێگە بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا نادەین لە خاکی عێراق کە لە سووریا کشاونەتەوە، لەمبارەیەوە بەیاننامەیەکی فەرمی دەردەکەین و ڕێوشوێنی یاسایی نێودەوڵەتی دەگرینە بەر، داواش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ڕۆڵی خۆیان "بە ڕێزەوە" بگێڕن". 

ئەوەشی وت، "لە کۆبوونەوەی ھەفتەی داھتووی پەرلەماندا، ھەمواری کابینەی نوێی حکومەت دەکەین ، ھەروەھا جەخت دەکەینەوە لەسەر پسپۆڕییە تایبەتەکان و سەربەخۆیی وەزارەتەکان، لەگەڵ ئەوانەشدا بەشداری گەنجەکان باس دەکەین".

ھەروەھا باس لەوەش دەکات، "حکومەت گرنگی ئەنجومەنی دادگای ناوەندی دووپات دەکاتەوە، کە ئەرکی چاودێری گەندەڵی و بۆ سەرکۆنە کردنی گەندەڵکارانە"، دەشڵێت، "پێویستە دۆسیەکانی گەندەڵی بە ڕوونی و لەبەردەم ڕای گشتیدا بکرێنەوە". 

لەگەڵ ئەوەشدا، باس لە کەمکردنەوەی موچەی بەرپرسەکان دەکات، لەگەڵ گشت پلە باڵاکان ھەتا پلە "چوارەکان" و وەزارەتەکان، لەگەڵ گشت ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، بە شێوەیەک موچەی مانگانەیان لە "١٠ ملیۆن" زیاتر نەبێت.

ھەروەھا باس لەوە دەکات، "پێویستە ھیچ عێراقییەک لە ژێر ھێڵی ھەژارییەوە نەمێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژە یاسایەکمان ھەیە کە ئەنجومەنی وەزیران بە خێرایی کاری لەسەر دەکات، ئەویش دانانی سنوقی بیمەی کۆمەڵایەتییە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەو خێزانانەی سەرچاوەی داھاتیان نییە، مانگانە بڕە پارەیەکیان پێدەدرێت کە لە ١٣٠ ھەزار دینار کەمتر نەبێت".