سەردێڕ:

لوبنان..خۆپیشاندان بەردەوامە و سوپا ھەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەدات

فۆتۆ: 
2019-10-23

825 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ھاوڵاتیانی لوبنان لە دژی خراپی دۆخی ئابوری بەردەوامە و سوپای ئەو وڵاتەش ھەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکە دەدات.

بەپێی ھەواڵی میدیاکانی لوبنان، سوپای وڵاتەکە ھەوڵیداوە بە زەبری ھێز ئەو رێگایانە بکاتەوە کە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراون.

بەھۆی رووبەڕووبونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و سوپاوە لە باشوری ئەو وڵاتە دوو خۆپیشاندەر برینداربوون.

لوبنان بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە زۆترین قەرزی دەرەکی لەسەرە و لەمساڵیشدا کێشەی کورتھێنانی بودجە گەورەترین گرفتی بەردەم حکومەتی ئەو وڵاتەیە.

بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورتھێنانی بودجە حکومەتی لوبنان سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجیەکان و زیادکردنی باجی پەیڕەو کردووە و ئەوەش ناڕەزایەتی زۆری ھاوڵاتیانی بەدواوە بووە.

خۆپیشاندانەکانی لوبنان کە ھەفتەی رابردوو دژی خراپی دۆخی ئابوری دەستیپێکرد، حکومەتی ناچارکرد پڕۆژەیەکی چاکسازی بخاتەڕوو، بەڵام رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە  ئەو پڕۆژەیەیان رەتکردووەتەوە و، داواکارن تا دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت ھاوڵاتیان بەردەوام بن لە مانگرتنی سەرتاسەری و خۆپیشاندان.