سەردێڕ:

بەشار ئەسەد پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنی مۆسکۆ و ئەنقەرە راگەیاند

بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-10-23

4274 جار خوێندراوەتەوە

بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا، سوپاسی ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی ڕوسیای کرد، لەسەر ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ تورکیادا سەبارەت بە دۆخی باکوری سوریا.

کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا بڵاویکردەوە، "بەشار ئەسەد لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ پوتین، پشتیوانی لە رێککەوتنی مۆسکۆ و ئەنقەرە کردووە لە بارەی باکوری سوریا و رایگەیاندووە، ئەو رێکەوتنە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەپارێزێت".

ئەسەد ڕاشیگەیاندووە، "لە دژی ھەر داگیرکردنێکی خاکی سوریاین لەژێر ھەر پاساوێکدا بێت و دەبێت ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکانیان".

ئەم پەیوەندیە تەلەفونیە دوای ئەوە دێت، دوێنێ سێشەمە سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی ڕوسیا ڕێککەوتنێکی ١٠ خاڵیان واژۆکرد.

بەپێی رێککەوتنەکە، "ھێزەکانی تورکیا لە ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی دەمێننەوە و، ھێزەکانی سوریا و روسیا لە ناوچە سنوریەکانی دیکەی سوریا لەگەڵ تورکیا جێگیردەکرێن، ھێزە کوردیەکانیش بە مەودای ٣٠ کیلۆمەتر لە سنورەکانی تورکیا دوردەخرێنەوە".