سەردێڕ:

کوردێکی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم بارەگای یوئێن ئاگری لەخۆی بەردا

فۆتۆ: 
2019-10-23

22177 جار خوێندراوەتەوە

پیاوێکی سی ساڵانەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم بارەگای کۆچ و کۆچبەرانی یوئێن، لە ژنێف-سویسرا، ئاگری لە خۆی بەرداوە و بە سەختی بریندار بووە.

ئاگر لە خۆبەردانەکەی ئەو هاوڵاتییەی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمرۆ چوارشەمە، ٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بووە و دوای ئەوەی بە سەختی بریندار دەبێت گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، برینەکەی هێندە سەخت بووە کە نەدەکرا هۆکاری ئاگر لە خۆبەردانەکەی لێ بپرسرێت.

ئەوەش هاتووە، "پیاوەکە ویستوویەتی بچێتە ناو بینای کۆچ و کۆچبەرانی یوئێن، بەڵام لەلایەن پاسەوانانی باڵەخانەکە ڕێگری لێکراوە، پاشان کتوپڕ ئاگری لەخۆی بەرداوە".

لە ٩ی ئەم مانگەوە، تورکیا بە پشتیوانی گروپە چەکدارە هاوشانەکانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەستپێکردووە و تا ئێستاش سەدان شەڕڤان و سەدان هاوڵاتی سیڤیلیش شەهید بوون. هاوکات، ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی ڕۆژئاوای کوردستانی لێکەوتووەتەوە.