سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا: ترەمپ هانی کوردەکانی داوە لە سنوور نەکێشنەوە و ڕووبەڕووی تورکیا ببنەوە

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا
فۆتۆ: 
2019-10-23

9625 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ ٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ھانی کوردەکانی داوە لە سنوورەکان نەکشێنەوە و ڕووبەڕووی ھێزەکانی تورکیا ببنەوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش وتەبێژی کۆشکی کرملین دیمیتری پیسکۆڤ ھەمان قسەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کرد و گوتیشی، "ئەمریکا کوردەکانی پشتگوێخست و ناپاکی لەگەڵ کردن."

ھاوکات وتیشی، "ھەر ئەمریکا بوو دنەی کوردەکانی دەدا لەسەر سنوورەکانی تورکیا بمێننەوە و شەڕیان لەگەڵدا بکەن".

ئەو وتەبێژەی کرملین ئاماژەی بەوەشدا، "ڕوسیا داوا لە کوردەکان دەکات کە لە سنوور بکشێنەوە چونکە وا پێویست دەکات، بەپێی ڕێککەوتنی مۆسکۆ و ئەنقەرە".

دوێنێ ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە سوچی-ڕوسیا بوو. بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پوتین سەرۆکی روسیا ڕۆیشتبوو. پاش گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنیان، ڕێککەوتنێکی ١٠ خاڵییان لەسەر بارودۆخی سووریا کرد، کە لە یەکێک لە خاڵەکاندا ھاتووە، "ە کاتژمێر ١٢ نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ پۆلیسی سەربازیی ڕووسیا و پاسەوانانی سنووری سوریا لە دیوی سوریاوە دەچنە سنووری نێوان تورکیا و سوریا، لە دەرەوەی ناوچەی ئۆپراسیۆنی کانی ئاشتییش ئاسانکاری بۆ دەرکردنی یەپەگە بە قوڵایی ٣٠کم لە سنوری نێوان تورکیا و سوریا و داماڵینی چەکەکانیان دەکرێت، کە لە ١٥٠ کاتژمێردا تەواو دەکرێت. لەو ساتە بە دواوە دەوریەی ھاوبەشی ڕووسیا و تورکیا لە ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتی ناوچەی ئۆپراسیۆنی کانی ئاشتی بە قووڵایی ١٠کم ئەنجام دەدرێت، جگە لە شاری قامیشلۆ".