سەردێڕ:

تا ئێستا پرۆژە یاساى چاكسازی لە خانەنشینی نەگەیشتووەتە پەرلەمان

فۆتۆ: 
2019-10-22

1286 جار خوێندراوەتەوە

لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی فراكسیۆنەکاندا بڕیاردرا تێبینیی لایەنەكان وەربگیرێت لەسەر پرۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی موچە و دەرماڵە، بەڵام تا ئێستا پرۆژە یاساکە نەگەیشتووەتە دەست پەرلەمانتاران.

لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو لایەنانەی كە بەشدارن لە حكومەت، بڕیاردرا تێبینیی لایەنەكان وەربگیرێت لەسەر پرۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینیی موچە و دەرماڵە، بەڵام تا ئێستا پرۆژە یاساکە نەگەیشتووەتە دەست پەرلەمانتاران بۆئەوەی پێشنیاری خۆیانی لەسەر بدەن.

هەمان ئەو یاسایەی كە لە خولی پێشووی پەرلەمان دەركرا و دواتر رەتكرایەوە، لە ئێستادا كراوەتەوە بنەمای پرۆژە یاساكە.

دابان محەمەد ئەندامى پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوان بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەت چاكسازیكردن بووە لە سەرجەم بوارەكان، بۆیە دەبێت پەلە بكرێت لە كاركردن بۆ پرۆژەی یاسای چاكسازی.

تا ئێستا روون نییە كەمترین موچەی خانەنشینی چەند دەبێت و بەرزترینیش چەند دەبێت، بەڵام بەشێك لە پەرلەمانتاران داوایانكردووە زۆرترین موچەی خانەنشینی سێ ملیۆن زیاتر نەبێت و كەمترینیش ٤٠٠ هەزار دینار بێت.