سەردێڕ:

​دەقی ڕێککەوتنی نێوان ڕوسیا و تورکیا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2019-10-22

18553 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ڤلادمێر پۆتن و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕێککەوتێکی ١٠ خاڵی لە نێوان ھەردوولادا واژۆکراوە.

ئەم خاڵانەی خوارەوە دەقی ڕێککەوتنەکەی نێوانیانە:

١-  هەردوولا جەخت لەسەر پابەندبوونیان بە پاراستنى یەکێتیى سیاسى و سەروەریى خاکى سوریا و پاراستنى ئاسایشى نیشتیمانیى تورکیا دەکەنەوە.

٢- هەردوولا دووپاتی شەڕی دژی تیرۆر بە هەموو شێوە و دەرکەوتەکانی دەکەنەوە، هەروەها تێکدان و لەناوبردنی ئەجێندای جوداخوازەکان لە خاکى سوریادا.

٣- لەم چوارچێوەیەدا، ئەو بارودۆخەى ئێستا لە ناوچەکانى ئۆپراسیۆنى کانى ئاشتى هەیە ناوچەى گرێ سپى و سەرێکانى بە قوڵایی ٣٢ کم لەخۆ دەگرێت و دەپارێزرێت.

٤- هەردوولا جەخت لەسەر ڕێککەوتنى ئەدەنە دەکەنەوە. لەم بارودۆخانەى ئێستادا ڕووسیاى فیدراڵ ئاسانکارى بۆ جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى ئەدەنە دەکات.

٥- لە کاتژمێر ١٢ نیوەڕۆی ڕۆژى ٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ پۆلیسى سەربازیى ڕووسیا و پاسەوانانى سنوورى سوریا لە دیوى سوریاوە دەچنە سنوورى نێوان تورکیا و سوریا، لە دەرەوەى ناوچەى ئۆپراسیۆنى کانى ئاشتىیش ئاسانکاری بۆ دەرکردنی یەپەگە بە قوڵایی ٣٠کم لە سنورى نێوان تورکیا و سوریا و داماڵینی چەکەکانیان دەکرێت، کە لە ١٥٠ کاتژمێردا تەواو دەکرێت. لەو ساتە بە دواوە دەوریەى هاوبەشى ڕووسیا و تورکیا لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتى ناوچەى ئۆپراسیۆنى کانى ئاشتى بە قووڵایی ١٠کم ئەنجام دەدرێت، جگە لە شارى قامیشلۆ.

٦- هەموو ئەندامانى یەپەگە و چەکەکانیان لە منبج و تەلڕەفعەت دەردەکرێن.

٧- هەردوولا ڕێوشوێنى پێویست بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنى تیرۆریستان دەگرنەبەر.

٨- هەوڵی هاوبەش دەدرێت بۆ ئاسانکاریى گەڕانەوەى ئاوارەکان بە شێوەیەکى سەلامەت و ئارەزوومەندانە.

٩- چاودێریکردنێکى هاوبەش و میکانیزمێکی وردبینیکردن بۆ سەرپەرشتیکردن و هەماهەنگى جێبەجێکردنى ئەم یاداشتە دادەمەزرێنرێت.

١٠- هەردوولا بەردەوام دەبن لە کارکردن و دۆزینەوەى چارەسەرێکى سیاسیی درێژخایەن بۆ کێشەى سوریا لە چواچێوەى ڕێککەوتنى ئەستانە و هەردوولا پشتگیری لە چالاکیى لیژنەى دەستوور دەکەن.