سەردێڕ:

فەرماندەیەکی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق کوژرا

لەلایەن داعشەوە
فۆتۆ: 
2019-10-22

5478 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی لیوای چواری هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ چەکدارانی داعشدا کوژرا.

سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ٢٢ی تشرینی یەکەم  عەلی لامی فەرماندەی لیوای چواری هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق، لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ چەکدارەکانی داعش کوژراوە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکە لە نزیک ناوچەی جەزرات لە سنووری شاری سامەڕا ڕوویداوە و تێیدا جگە لەو فەرماندەیە ٥ ئەندامی تری هێزە ئەمنییەکان کوژراون و سیانی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد، لە هەندێک ناوچەی نێوان پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە داعش لە ڕێگای شانە نووستووەکانییەوە لەو ناوچەیە چەند هێرشێکی ئەنجامداوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە جموجوڵی هێزە چەکدارەکانی داعش لەو ناوچانە زیادیکردووە، هاوکات دوێنێ شەو ٢١ی تشرینی یەکەم، داعش هێرشێکی چەکداریی بۆ سەر کێڵگەی نەوتی "عەلاس" لە قەزای تکریتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجامدا.