سەردێڕ:

عێراق.. ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکان ئاشکرا کران

١٤٩ کەسیان مەدەنین
فۆتۆ: 
2019-10-22

2596 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی ڕاسپێردراو بۆ لێکۆڵینەوە لە ژمارەی کوژراوان و بریندارانی خۆپیشاندانەکانی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا ١٥٧ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی تشرینی یەکەم، لیژنەی ڕاسپێردراو بۆ لێکۆڵینەوە لە خۆپیشاندانەکان، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری کوژراوەکانیان ڕاگەیاند، کە ١٥٧ کەس بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، کە ژمارەیەکی زۆریان کەسانی مەدەنی بوون.

لە ئامارەکەدا هاتووە، لە کۆی ئەو ١٥٧ کەسە ١٤٩ کەسیان خەڵکی مەدەنین و ٨ کەسیان سەر بە هێزەکانی ئاسایشی عێراقن.

لە ئامارەکەشدا دەربارەی ژمارەی برینداران باس لەوە دەکات سێ هەزار و ٤٥٨ کەس برینداربوون.

هەروەها لە ڕاپۆرتی لیژنەکەشدا هاتووە کە "نیشانەشکێنێک"  لەسەر باڵەخانەیەکی ناوەڕاستی بەغداوە تەقەی لە خۆپیشاندەرانن کردووە، باس لەوەش دەکات %٧٠ی  خۆپیشاندەرەکان ڕاستەوخۆ تەقە لە "سەر و سنگ"یان کراوە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، لیژنەکە کۆنوسی خۆی خستووەتە بەردەست عادل عەبدول مەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەى پەسەندی بکات.

هاوکات لیژنەکە  بڕیاری تۆمەتبارکردنی ١٩  فەرماندەی  هێزە ئەمنییەکانی دەرکردووە، کە تۆمەتبار کراون بەوەی فەرمانی تەقە کردنیان لە خۆپیشاندەران داوە.