سەردێڕ:

پۆتن بۆ ئەردۆغان: دۆخی سوریا هەستیارە و دانوستانی نێوانمان یارمەتی چارەسەرکردنى دەدات

فۆتۆ: 
2019-10-22

7248 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی روسیا لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ سەرۆک کۆمارى تورکیا رایگەیاند، دۆخی سوریا هەستیارە و دانوستانی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرەش یارمەتی چارەسەرکردنی رەوشی ئەو وڵاتە دەدات.

ڤلادمیر پۆتن لە چوارچێوەى لوتکەى سوچى باسی لەوەشکرد، لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی ئێستان و کۆبوونەوەی ئەمڕۆشیان پێویستە بەو دۆخەوە و لەو رووەوە دیدارەکەیان گرنگیەکی زۆری هەیە.

سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی باڵای پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی زۆربەی پرسەکانی ناوچەکە و هەردوولا پێکەوە دەتوانن رێگە چارەی گونجاو بۆ پرسە جیاجیاکان بدۆزنەوە.

لای خۆیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەم کۆبوونەوەیە دەتوانێت خزمەتى بەرژەوەندی هەردوولا بکات و رۆڵی لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندیەکانی نێوانیاندا هەبێت.

وتیشی، دیدارەکەیان دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بە وردی لەسەر کۆی پرسەکان قسە بکەن و هەوڵەکانیان بۆ خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی لە سوریا چڕ بکەنەوە.

ئەردۆغان لەسەر بانگهێشتی پۆتن سەردانی روسیای کردووە و دیدارەکەیان لە کاتێکدایە کە چەند کاتژمێرێک ماوە بۆ کۆتایی هاتنی ئاگربەست لە باکوری سوریا، کە هەفتەی رابردوو لە نێوان تورکیا و ئەمریکا راگەیەنرا.