سەردێڕ:

بەرگری شارستانی ھەولێر دەربارەی دروستبوونی لافاو ڕێنمایی دەدات

فۆتۆ: 
2019-10-21

7927 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕاگەیاندراوێکدا، بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای ھەولێر، ھۆشداری دەدات دەربارەی مەترسییەکانی لافاو و ڕێنمایی ھاوڵاتییانیش دەکات بۆ خۆ پاراستن لە ئەگەری ڕوودانی ھەر لافاوێک.

لەو بارەیەوە داوا لە ھاوڵاتییان دەکات لە ھەر بارودۆخێکی نەخوازراودا پەیوەندی بکەن بە ژمارەکانی "١١٥ و ١٢٥"ەوە، بۆ ئەوەی تیمەکانی شارەوانی و پۆلیسی فریاکەوتن بچن بە ھانایانەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە "سەرەتای وەرزی زستانە و شەپۆلی بارانبارین ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکات"، داوا دەکەن بۆ پاراستنی سەلامەتی و سەروماڵی ھاوڵاتییان، لە ئەگەری ڕوودانی لافاودا ڕەچاوی ئەم چەند ڕێنماییە بکەن.

لە ڕێنماییەکاندا داوا لە ھاوڵاتییان دەکرێت بۆ سوود وەرگرتن لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، چونکە پێشوەختە پێشبینیەکانی باران بارین و ئەگەری لافاوی تێدا بڵاودەکرێتەوە، داواش دەکەن ھەوڵ ئامادەکاریەکانیان لە ڕۆژدابێت.

داواش دەکەن ئەو ماڵانەی کە شوێنەکانیان ئاوگرە و ساڵانی پێشتر ڕووبەڕووی ئەو بارودۆخە بوونەتەوە، پێویستە کەل و پەل و خواردەمەنیەکانیان ببەنە نھۆمی سەروتر یان شوێنێکی بەرز.

ھەروەھا داوا لە ھاوڵاتییان دەکەن دڵنیا بنەوە لەوەی کە زێرابی ماڵ و کۆڵانەکانیان نەگیراون، چونکە دەبێتە ھۆی پەنگخواردنەوەی ئاوی لافاوەکە، پێویستە لە کاتی ڕوودانی لافاودا ھەموو ئەندامانی خێزان لەگەڵ یەکبن بۆ ئەوەی  سەرلێشێوان درووست نەبێت.

داواش دەکەن ھاوڵاتییان ئۆتۆمبێلەکانییان لەژێر کەپر، دار و درەخت و لە نزیک دارتەل (عەمود)ی کارەبا ڕانەگڕن، لە پێناو دووربوون لە مەترسی لە کاتی ڕوودانی ھەورە تریشقە و ڕەشەبا.

ھەروەھا لە کاتی درووستبوونی لافاودا پێویستەھاوڵآتییان سەرچاوەی کارەبا و گازی سروشتی بکوژێنەوە، بە ھیچ جۆرێکیش دەستکاری خاڵی کارەبایی نەکەن ئەگەر  کوژابێتەوەش، چونکە دەشێ شۆرتی کردبێت.

پێویستە ئەگەر ھاواتییان لەناو ئۆتۆمبێلدا بوون بەو رێگایانەدا بڕۆن کە شارەزان نەچنە ئەو ڕێگایە کە ژێر ئاو کەوتووە، ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەش کوژایەوە ئەوا بەجێی بھێڵن چونکە شەپۆڵی ئاو دەشێ وەریبگێڕێ.

لا خاێکی تریشدا داوا لە ھاوڵاتییان دەکەن لەوکاتەدا ھەوڵ نەدەن وێنە و ڤیدیۆی لافاوەکە بگرن، ھەروەھا لە لێواری پردەکاندا سێڵفی نەگرن، چونکە دەشێت ھەرەس بھێنێت.