سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: ئەوە ڕاست نییە تەنھا شاخەکان دۆستی کوردبن و ئێستا کورد دۆستی زۆرە

فۆتۆ: 
2019-10-21

8173 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، ئەوە ڕاست نییە تەنھا شاخەکان دۆستی کورد بن و ئێستا کورد دۆستی زۆرە.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە وتارێکدا بۆچوونی خۆی لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە و باسی لەوە کردووە، "بە پێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن تەنھا شاخەکان دۆستی کوردن، وا نییە و پێموایە کورد ئیستا دۆستی زۆرە، بۆ نمونە لە ئەمریکا کورد دۆستی زۆرە و شەقام و سیاسییەکانی ئەمریکای کردووە بە دوو کەرتەوە."

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، "ئێستا کورد لە ھەموو ئەوروپا و وڵاتانی زلھێز دۆستی ھەیە، لە ھۆڵی ھەموو پەرلەمانەکانی ئەوروپا و دونیادا چەندین دۆستی کورد ھەن."

ڕاشیگەیاندووە، "لە بەشێکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا بەرگری لە کورد دەکرێت و دژی لەشکرکێشییەکە قسە دەکەن."

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ  ئەوەشی نوسیوە، "ئەمە ساڵانی ھەشتاکان نییە ١٨٠ ھەزار مرۆڤی کورد ئەنفال بکرێن، کیمیایی بکرێت بەسەر ھەڵەبجەدا و کەس لەسەرمان ھەڵنەدات، کورد دڵی بە وتارێکی رۆژنامەیەکی بیانی خۆش بێت و کەس نەبێت ناوی بھێنێت."