سەردێڕ:

سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا دووبارە دەنگدان لەسەر برێگزت ڕەتدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-10-21

1972 جار خوێندراوەتەوە

جۆن بێرکۆ سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا، دووبارە دەنگدانەوە لەسەر "برێگزت" ڕەتدەکاتەوە و، دەڵێت، "ناتوانن دووبارە دەنگدان بەو پرۆژەیە لە پەرلەماندا ئەنجام بدەنەوە".

ئەمڕۆ دوو شەممە ٢١ی تشرینی یەکەم، سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا ڕایگەیاند، "ناتوانن دووبارە پێشنیاری دەنگدان بکەن لە پەرلەمان، دەربارەی دەرچوونی ئەو وڵاتە لە یەکێتیی ئەوروپا "برێگزت"، چونکە حکومەت ئەو پێشنیارەی دوو جار لە پەرلەماندا کردووە".

وتیشی، "پێویستە شێوازەکەی بگۆڕین و ڕاستەوخۆ لە یەکێتیی ئەوروپا بچینە دەرەوە بەپێی ڕێککەوتن، نەک دووبارە دەنگدانەوە بە "بەڵێ و نەخێر".

بێرکۆ لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی بەریتانیادا، ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بە بڕوای من وا باشە ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر نەکرێت، چونکە دەبێتە دووبارەی ھەمان گفتوگۆی ڕۆژی شەممە".

لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦ نزیکەی لەسەدا ٥٢ی خەڵکی بەریتانیا دەنگیاندا بە جیابوونەوەی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا، لەوکاتەوە تا ئێستا پەرلەمانی بەریتانیا سێجار پرۆژەکەی بە زۆرینەی دەنگ ڕەتکردووەتەوە.

تریزا مەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، لەكۆتایی ساڵی ٢٠١٨ رێككەوتنێكی ٥٨٥ لاپەڕەیی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا واژۆ كرد كە بە رێككەوتنی برێگزت ناسراوە.