سەردێڕ:

لایەنەکانی هاوپەیمانی کوردستانی دابەشکردنی کاندیدەکانیان یەکلاکردەوە

فۆتۆ: 
2019-10-21

3214 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى مەکتەبی سیاسی یەکێتى ڕایگەیاند، لایەنەکانی هاوپەیمانی کوردستانی کۆبوونەوە و دابەشکردنی کاندیدەکانیان یەکلاکردەوە.

لە دوای کۆبوونەوەى لیستی هاوپەیمانی کوردستانی لە سلێمانی، ڕزگار عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتى لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەموو لایەنەکانی بەشدار لە هاوپەیمانی کوردستانی پەیماننامەیەکیان واژۆ کردووە کە لە ئایندەدا هیچ لایەنێک لە هاوپەیمانێتیەکە نەکشێتەوە.

ڕزگار عەلی راشیگەیاند، هاوپەیمانی کوردستانی پرسی دانان و دابەشکردنی کاندیدی لایەنەکانی یەکلا کردووەتەوە، وتیشی، هاوپەیمانی کوردستانی پەیوەندی بە پرسی دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک نییە.

هاوکات عەبدولرەحمان مستەفا، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، هەر پارێزگایەک چەند کورسی بۆ دانراوە لیستە کوردیەکان دوو ئەوەندە کاندیدیان دەبێت بە شێوەیەک لە کەرکوک ٢٦ و لە موسڵ ٤٨ و لە دیالە ٢٦ کاندیدیان دەبێت.

سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، تاکو ئێستا ٣٠ پارتی سیاسی و لایەن بەشدارییان لە هاوپەیمانێتییەکە کردووە.

ئەمڕۆ نوێنەرى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان جگە لە نەوەى نوێ لەبارەگاى مەکتەبی سیاسی یەکێتى لە سلێمانى بەمەبەستى یەکلاکردنەوەى ڕیزبەندى کاندیدەکانى لایەنە سیاسییەکانە بۆهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان کۆبوونەوە.

وا بریارە لەمانگى نیسانى ساڵى داهاتوو هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان بەڕێوە بچێت و لایەنە کوردییەکان جگە لە نەوەى نوێ لە چوارچێوەى یەک لیستدا بەشدارى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە ناوچەکێشەلەسەرەکان لەژێرناوى هاوپەیمانى کوردستانى دەکەن، کە چەندین پارتى کوردى وعەرەبى لەخۆدەگرێت وعبدولڕەحمان مستەفا کە پێشتر پارێزگارى کەرکوک بووە سەرۆکایەتى هاوپەیمانێتییەکە دەکات.