سەردێڕ:

عەبادی ئامادەیە سەرۆکایەتی حکومەتی رزگاری نیشتمانی بکات

باسی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن
بەشێک لە هاوپەیمانی (النصر - سەرکەوتن) لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی پێشووی عێراق.
فۆتۆ: 
2019-10-21

3845 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانی سەرکەوتن (النصر)، باس لە خواستی عەبادی دەکات بۆ بوون بە سەرۆکی حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی، لە کاتێکدا عادل عەبدول مەهدی سەرۆکی ئێستای حکومەت، بە هۆی ئەو پەستانە زۆرەی لەلایەن هاوپەیمانێتییەکەوە لەسەریەتی، لاواز بووە.

عەلی سەنید کە ڕابەرێکی هاوپەیمانێتی سەرکەوتنە، لە وتەیەکیدا دەڵێت، "هاوپەیمانی سەرکەوتن و حەیدەر عەبادی، بۆ ڕزگارکردنی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، لەم تەنگوچەڵەمەیەی ئێستا تیایەتی، چارەسەرێکیان پێشکەشکردووە".

ڕوونیشیکردەوە، "فشارخستنە سەر هاوپەیمانێتییەکە خۆی، لەگەڵ حیزبە سیاسیەکان و سەرۆکایەتییەکان، بۆ گرتنەبەری ڕێگای چاکسازی ڕاستەقینەیە لە سیستەمی سیاسیدا، و هەروەها بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، نەک بۆ خواستی گەرانەوەی دەسەڵات بۆ عەبادی و دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی لە سەرۆکایەتی حکومەت".

نەسید باسی لەوەش کردووە، "حەیدەر عەبادی، پێشنیاری نەخشەیەکی هەشت خاڵی کردووە بۆ ڕزگار بوون لەم ئەزمەیە".

هاوکات لای خۆیەوە، عەبادی پۆزشی بۆ هاوڵاتییان هێناوەتەوە و بەڵێنی داوە بە ڕزگارکردنی خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی خەڵک و دەزگا میدیاییەکان، هاوکات گەرەنتی پێدانی مافی ڕادەربڕین بە خۆپیشاندەران.

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بەڵێنی ئەوەی بە خۆپیشاندەران داوە کە دادگای دادوەریی سەربەخۆ پێکبهێنێتەوە و داوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەخت بکات کە لە ساڵی ٢٠٢٠ تێنەپەرێنێت، لەگەڵ ئەوانەشدا بەڵێنی داوە بە چاکسازییکردن لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا.

ئەمەش لە چوارچێوەی کاردانەوەکانی خۆپیشاندانەکانی بەغدا دێت کە لە سەرەتای تشرینی یەکەمدا سەری هەڵدا و بە هۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەست دا، هەروەها بە هەزاران کەسیش بریندار بوون. بەگوێرەی بەیاننامەی نوێنەری خۆپیشاندەرانیش، وابریارە بەمزوانە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و شار و شارۆچکە جیاوازەکانی عێراق دەستپێبکاتەوە.