سەردێڕ:

ھەڵبژاردن بۆ بەدەستهێنانی ٢٤٦ کورسی پەرلەمانی سویسرا بەڕێوەچوو

فۆتۆ: 
2019-10-20

1523 جار خوێندراوەتەوە


سویسرا ھەڵبژاردنی بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی ئەنجامدا و بەپێیی ئەنجامە بەراییەکانیش، پارتی گەلی سویسری کە لە ھەڵوێستەکاندا دژی پەنابەران بوو، لە سەدا ٢٦ی  دەنگەکانی بەدەستھێناوە.

لە بەرامبەردا دەنگەکانی ھەردوو پارتی سەوز زیادیانکردووە و نزیکەی لەسەدا بیستی دەنگەکانیان بەدەست ھێناوە، بەمەش دەبن بە یاریکەرێکی سەرەکی لە سیاسەتی سویسرادا.

لەم ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەی ئەمڕۆدا، کەمتر لە سەدا پەنجای ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە، بەشداری ھەڵبژاردنیان کرد، لەم خولەدا چوارھەزار و ٦٠٠ پاڵێوراو لە حەوت لیست و ژمارەیەکیش پاڵێوراوی بێلایەن ململانێیان کرد بۆ بەدەست ھێنانی ٢٤٦ کورسی، ٢٠٠ کورسی پەرلەمان و٤٦ کورسی ئەنجومەنی کانتۆنەکان.

بەھۆی ئەوەی ئەندامێتی ئەنجومەنی کانتۆنەکان پێویستی بەزۆرینەی ڕەھایە و لە ھەندێک کانتۆندا پاڵێوراوەکانی ئەنجومەنی کانتۆنەکان زۆرینەی ڕەھایان بەدەست نەھێناوە، خولی دووەمی ھەڵبژاردنەکان لە ھەندێک کانتۆن ئەنجام دەدرێت بۆ یەکلایی کردنەوەی کورسیەکان.

لە ململانێی ھەڵبژاردندا چەند پرسێک ببون بە تەوەری سەرەکی بانگەشەکانی سویسرا، لەوانە چەسپاندنی یەکسانی و پشووی باوک وھاوسەرگیری بۆ ھەمووان و کەمکردنەوەی بیمەی دڵنیایی و پرسی بەشداری سویسرا لە بازاری ھاوبەشی ئەوروپی، بەڵام پرسی ژینگە زۆرترین قسە و باسی لەسەر کرا وگەورەترین پانتایی ململانێکانی بۆ خۆی داگیرکردبوو.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانیش، لەم خولەدا پارتی سەوز و پارتی سەوزی لیبڕال براوەی سەرەکی بون،پارتی سەوز لە سەدا ١٨ی دەنگەکان و پارتی سەوزی لیبراڵ لە سەدا ھەشتی دەنگەکانیان  بەدەستھێنا،

لەبەرانبەردا پارتی گەلی سویسری لە سەدا ٢٦ی  دەنگەکانی بەدەست ھێناوە.

پارتی سۆسیالیست لە سەدا ١٦ی دەنگەکان و پارتی لیبراڵ دیموکرات لە سەدا ١٥ی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە، دۆڕاوی ھەڵبژاردن بوون بە ھۆی دابەزینی رێژەی دەنگەکانیان.

ھەرچی پارتی سۆسیالیستیش بەڵینەکانی پارێزگاری ژینگە سودێکی ئەوتۆیان پێنەگەیاند و دەنگەکانیان بەرێژەی لە سەدا دوو کەمیکرد