سەردێڕ:

کازم فاروق: بە تەحەداوە دەڵێم ھیچ کەسێک لە حکومەت و پەرلەمان ئاگایان لە داھاتی نەوت نییە

فۆتۆ: 
2019-10-20

2989 جار خوێندراوەتەوە

کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، "لە کۆبونەوەیەکدا لەناو پەرلەمان، لە نوێنەرەکانی حکومەتم پرسی داھاتی ناوخۆ و نەوت چەندە؟ وتیان ھەندێک شت ھەیە نھێنیە"، دەشڵێت، "ھیچ کەسێک نە لە حکومەت و نە لە پەرلەمان ئاگایان لە مەلەف و داھاتی نەوت نیە". 

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت، " لەپەرلەمان پێیان وتم ھەندێک شت ھەیە نھێنیە و ناکرێت ئێمە ئابووری و داھاتی خۆمان ھەمووی کەشف بکەین، ئەوە نھێنی وڵات بەڕێوەبردنە".

ئەوەشی خستووەتەروو، "کاتی خۆی وەزیری نەوت کە ریکلامی بۆ ئابووری سەربەخۆ دەکرد، دەیوت، ئەو (١١)ملیارد دۆلار بودجەیەی کە ساڵانە بەغدا بۆ ھەرێمی دەنێرێت، من لەڕێی ئابووری سەربەخۆوە بۆتان دەکەم بە(٣٣)ملیارد دۆلار، ئیتر ئیشمان بە بەغدا چیە".

کازم فاروق دەشڵێت، "بێگومان وەزیر باش دەیزانی کە ئابووری سەربەخۆ واتە "ئابووری سەر بە بنەماڵە"، ھەر بۆیە وەزارەتەکەی لە جانتاکەی خۆی تێنەدەپەڕی، ئێستاش و ئەوساش کەس نەیزانی چەند نەوت فرۆشراوە و چەند پارە وەرگیراوە".

دەربارەی کابینەی نۆیەم سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت، "ئەم کابینەیە کە بەحساب دەوترا جیاوازە بەفیعلی جیاواز دەرچوو، چونکە ئەسڵەن ئیمانی بە دامەزراوە و وەزارەت و سندوقی داھات و ئەم شتانە ھەر نیە".