سەردێڕ:

ھێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سوریا پاشەکشەیان بە گەورەترین یەکەی خۆیان کرد

کاروانێکی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-10-20

3251 جار خوێندراوەتەوە

بە پێی ھەواڵی میدیاکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، ھێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەورەترین یەکەی خۆیان کشاندەوە لە باکووری سوریا.

لە ھەواڵێکی ئاژانسی "فرانس پرێس"دا ھاتووە، زیاتر لە ٧٠ تانک و زرێپۆش، کە ئاڵای ئەمریکایان پێوەبوو، تەلتەمەریان جێھێشت، لەگەڵ چەند ھەلیکۆپتەرێکدا کە بەسەریانەوە دەفڕین.

لەوبارەیەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئەو ھێزە گەورەیە کشاونەتەوە لەسەر ڕێگای قامیشلۆوە لە فڕۆکەخانەی "سرین"، کە نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر دوورە لە باکووری خۆرئاوای کۆبانی، لە سنووری حەلەب.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەو فڕۆکەخانەیە دەکەوێتە سنووری "ناوچەی ئارام" کە تورکیا ڕایگەیاندبوو لە ڕۆژئاوای سووریا.

ئەو ھێزەی ئەمریکا، تا ئێستا گەورەترین ھێزی سەربازی ئەمریکایە، ھەروەھا چوارەمین ھێزە کە ئەمریکا پاشەکشەی پێبکات لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی دوو ھەفتەی ڕابردوودا.

پاش کشاندنەوەی ھێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، تورکیا لە ٩ی تشرینی یەکەمدا ھێرشی سەربازیی لە ڕێگای ئاسمانی و زەمینی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد.