سەردێڕ:

ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بەڵگە کۆدەکاتەوە لە تورکیا

فۆتۆ: 
2019-10-20

5027 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ڕایانگەیاند، لە ئێستادا خەریکی کۆکردنەوەی بەڵگەن لەسەر بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە لە ڕۆژئاوای کوردستان.

بەگوێرەی بەدواداچوونی شارەزایەکی بەریتانی، چەندین بەڵگە ھەیە لەسەر سوتانی خەڵکی سڤیل و منداڵ بە چەکی کیمیایی، باس لەوەش دەکرێت لەم ھێرشانەی ئەم دواییانەی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەراورد بە قۆناغەکانی تری شەڕی ڕابردووی سوریا، ڕوونتر بەکارھێنانی چەکی کیمیایی دەبینرێت.

پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "گاردیان" کە باس لەوە دەکات تورکیا چەکی فۆسفۆڕی بەکارھێناوە دژی خەڵکی سڤیل و منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ڕایگەیاند، خەریکی کۆکردنەوەی بەڵگەن دەربارەی بەکارھێنانی ئەو جۆرە چەکە.

ھەر لەوبارەیەوە کۆمەڵەی دۆستایەتی جووئەڵمان لە وڵاتی ئەڵمانیا ڕەخنەدەگرن لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەنووسن، "کوا دانیشتنی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کوێن ئەو چالاکوانانەی کە بەردەوام دژی جینۆسایدی غەزە خۆپیشاندانیان سازدەکرد، لە کوێن بزوتنەوەی (بی دی ئێس) کە دژی ئیسرائیل کاردەکەن؟ وادیارە سەرجەمیان ئامادەنین ھیچ ھەنگاوێک بنێن، چونکە ناتوانن ئیسرائیل تۆمەتبار بکەن".

لەوبارەیەوە ھامیش دێبریتۆن جۆردۆن کە پسپۆڕێکی چەکی کیمیاییە، باس لەوە دەکات، پاشماوەی چەکی کیمیایی بەسەر برین و سوتاوییەکانی جەستەی منداڵان و خەڵکی مەدەنی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ھەیە.

دەربارەی ھێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای سوریا کاردانەوەی زۆر ھەبوو لەلایەن وڵاتانەوە، لەوبارەیەشەوە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم، شەست پەرلەمانتاری فەڕەنسا داوای دەرھێنانی تورکیایان کرد لە ھاوپەیمانێتیی "ناتۆ".