سەردێڕ:

روانگەی سووری: هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تەواوی سەرێکانی پاشەکشە دەکەن

فۆتۆ: 
2019-10-20

6256 جار خوێندراوەتەوە

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تەواوی سەرێکانی پاشەکشە دەکەن، تورکیاش ڕایگەیاندووە، هەسەدە لەو شارە پاشەکشەیان کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) لە سەرێکانی بەبێ ھیچ ڕێگرییەک کشاونەتەوە، ئەمەش دوای چوار ڕۆژ دێت لە ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە ١٧ی تشرینی یەکەم، دەربارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

ئەو وەزارەتە دەشڵێت، "ھیچ ڕێگرییەک نییە بۆ کشانەوە"، ھەروەھا باس لەوەش دەکات، "ھێزە کوردییەکان بە ھاوکاری قافڵەیەکی ئەمریکی کشاونەتەوە، کە پێکھاتووە لە ٥٥ ئۆتۆمبێل و ئەمڕۆ چوونەتە ناو شاری سەرێکانییەوە بۆ ھێنانە دەرەوەی ھێزە کوردییەکان".

لە ١٧ی تشرینی یەکەمدا، مایک پێنس جێگری دۆناڵد ترەمپ گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، دەربارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، ھەروەھا وەستاندنی ھێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچەیە، کە دواجار تورکیا "ئاگربەست"ی ڕاگەیاند.