سەردێڕ:

ئەبو سەراقە: کوڕ و منداڵ و پیاوە بەتەمەنەکانمان کوشتووە و ئافرەتە ئێزدییەکانمان بردووە

منداڵانى خوار تەمەنى ٣ ساڵانیان لە برسان کوشتووە
فۆتۆ: 
2019-10-20

16237 جار خوێندراوەتەوە

سەرکردەیەکی چەکدارانی داعش کە سەرپەرشتیی ھێرشی سەر ئێزدییەکانی کردووە لە شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، لەبەردەم دادوەردا دانی بە تاوانەکاندا ناوە، کە چییان لە منداڵ و ئافرەتانی ئێزدی کردووە.
دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا بڵاویکردەوە، ئەبو سەراقە کە سەرکردەیەکی چەکدارانی داعشە و ناوی خۆی (ع.ا.ح) کە نازناوەکەی ئەبو سەراقە بووە و تەمەنی ٣٠ ساڵە، لە دایک و باوکێکی عێراقی لەدایکبووە.
دادگای نەینەوا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەبو سەراقە لە خێوەتگەی جەدعە دانیشتووە لە ناحیەی گەیارە لە موسڵ و، پێشتر لە ناحیەی مەحلەبییە نیشتەجێبووە.
بەپێی بڵاوکراوەکەی دادگا، ئەبو سەراقە پێش ھاتنی داعش لە حوزەیرانی ٢٠١٤ پیشەی کاسب بووە و، لەگەڵ ھاتنی داعش بووەتە چەکداری ئەو رێکخراوە و دواتر لە بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی داعش لە گەیارە کاری کردووە.
بەپێی وتەکانی، ئەبو سەراقە کە ١٥ چەکداری لەگەڵدابووە، بڕیاریان بۆ ھاتووە کە ھێرش بکەنە سەر کۆمەڵگای قەحتانییە لە شنگال و کاتژمێر سێی بەرەبەیان گەمارۆی سەر ناحیەکەیان داوە، دواتر نزیکەی ١٠٠ چەکداریان لەگەڵدابووە و چوونەتە ناو قەحتانییەوە و وەک خۆی دەڵێت، "کوڕ و منداڵ و پیاوە بەتەمەنەکانمان کوشتووە و ئافرەتە ئێزدییەکانمان بە دیل گرتووە."
بەپێی بڵاوکراوەکەی دادگای موسڵ، ئەبو سەراقە دانی بە سەرجەم تاوانەکاندا ناوە کە کردوویەتی و بەشداربووە تێیدا.
ئەبو سەراقە دەشڵیت، "منداڵانی خوار تەمەنی سێ ساڵانیان بەجێھێشتووە بەبێ خۆراک و نان، تا ئەو کاتەی لە برسان زۆربەیان مردوون."
ئەبو سەراقە باسی لە شکستھێنانی چەکدارانی داعش کردووە لە شەڕەکاندا کە رۆژ دوای رۆژ پاشەکشەیان کردووە، ھەر لە بێجی تا گەیارە و پاشان بۆ حەمام عەلیل و دواتر بۆ ناوچەی بیابانی جەزیرە و لە کۆتاییدا چەکەکەی فڕێداوە و ھەڵاتووە و، بۆ ماوەیەک خۆی شاردووەتەوە و دیارنەماوە و دواتر دەرکەوتووەتەوە و چووەتە خێوەتگەی جەدعە و پاشان چووە بۆ موسڵ نیشتەجێ بووە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ خێوەتگەی جەدعە و لەلایەن دەزگای ھەواڵگریی عێراقەوە دەستگیرکراوە.