سەردێڕ:

شەش لێدوانى نادروستی تڕەمپ لە بارەى کورد و تورکیاوە

فۆتۆ: 
2019-10-20

13539 جار خوێندراوەتەوە

چاودێران شەش لێدوانى دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکى ئەمریکا لەبارەى دۆخى سوریاوە بە ناڕون و نادروست لێکدەدەنەوە.

وەک بەڵگە لەسەر نادروستى زانیارییەکانى و ناڕوونى لێدوانەکانى تڕەمپ، چاودێرانى بارودۆخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست شەش لێدوانى سەرۆکى ئەمریکایان لێکداوەتەوە بەوەى کە، ئەو سەرۆکە زانیارییەکانى دروس نین و ووتەکانیشى ڕوون نین.

تڕەمپ لە ووتەیەکیدا ڕایگەیاند، هێزە ئەمریکییەکان لە سوریا گەمارۆدراون لە بنکەیەکدا و بەهۆى بۆردومانەکانى تورکیاوە ناتوانن ئەو شوێنە جێبهێڵن. ئەوەش لە کاتێکدایە تورکیا ڕایگەیاندبوو، فڕۆکەکانى ئەو وڵاتە چەند شوێنێکى نزیک لە بنکە سەربازیەکەى ئەمریکایان بۆردومانکردووە، نەک بنکەکە.

هەروەها تڕەمپ لە میانەى شەڕى نێوان تورکیاو هێزە کوردییەکان باسى لە تێکشکانی داعش بە شێوەى لەسەدا سەد کرد،  ئەمەش لە کاتێکدایە داعش تا ئێستاش شانەى نوستوى لە عێراق و سوریا هەیەو، بەردەوام چالاکیان هەیە لەو دوو وڵاتە و باس لە خۆڕێکخستنەوەى ئەو ڕێکخراوەش دەکرێت.

سەرۆکى ئەمریکا لە کۆنفرانسێکى هەواڵیدا پەکەکەى بە تیرورست و ترسناکتر لە داعش ناوبرد، چاودێرانیش پێیانوایە ئەم قسەیەى تڕەمپ ڕاست نیە و زیادەڕەوى زۆر تیایە لە هاوتا کردنى پەکەکە بە داعش،  لەبەر ئەوەى پەکەکە تەنها لەگەڵ تورکیا شەڕدەکات لەکاتێکدا داعش هەڕەشەیە بۆسەر زۆرینەى وڵاتانى ئاسیا و ئەوروپا.

لە لێدوانێکى دیکەیدا تڕەمپ دەڵێت ''کوردەکانیش فریشتە نین'' ئەم ووتەیەى تڕەمپ ئەگەر بۆ کوردەکان ڕاست بێت، بۆ تورکیاش ڕاستە، بۆیە ئەم ووتەیە وا لێکدەدرێتەوە کە لەبەرخاترگرتنى تورکیا وتراوە.

تڕەمپ لە قسەیەکى دیکەیدا دەڵیت، ''ئێستا کوردەکان کەوتونەتە ئارامییەوە چونکە دەزانن چیبکەن''، ئەم قسەیەى سەرۆکى ئەمریکاش لە کاتێکدایە کوردەکانى سوریا کەوتونەتە ژێر بۆردومانەکانى تورکیاوەو بەهەزاران خەڵکى ناوچەکە ئاوارە بوون و قەیرانى نەبوونى خۆراکیش ڕووى تێکردوون.

لە لێدوانێکى دیکەدا تڕەمپ ئەو شەڕەى کە سەدان کەس تیایدا شەهید و بریندار بوون و هەزارانى دیکەشى ئاوارە کردووە، بە شەڕى نێوان دوو منداڵ وەسف دەکات.