سەردێڕ:

سەرەڕای ئاگربەست شەڕ و پێکدادان لە سەرێکانی بەردەوامە

سەربازێکى تورکیا کوژراوە
فۆتۆ: 
2019-10-20

2395 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای تورکیا و ھەسەدە لە سەرێکانی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە.
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھاوارنیوز سوپای تورکیا و چەکدارە سورییە ھاوپەیمانەکانی سەرەڕای ئاگربەست بەردەوامن لە ھێرشەکانیان و لەو چوارچێوەدا تورکیا ژمارەیەکی زۆر چەکدار و چەکی قورسی بردۆتە ناو سەرێکانیەوە.
ھەر بەپێی ئەو ھەواڵە چەکدارەکان ھەوڵی پچڕاندنی رێگەی نەخۆشخانەی شارەکە دەدەن، بەمەبەستی رێگریکردن لە گواستنەوەی بریندارەکان بۆ دەرەوەی سەرێکانی.
ھاوکات وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە بەھۆی تۆپبارانی ھەسەدەوە لە ناوچەی گرێ سپی سەربازێکی تورکیا کوژراوە و سەربازێکی دیکەش برینداربووە.
ھاوکات مانگی سوری کوردی بڵاویکردەوە، دوای سێ رۆژ ھەوڵدان ئێوارەی رۆژی شەممە توانراوە ٣٠ بریندار و تەرمی چوار کەس کە لە ھێرشەکانی سەر سەرێکانی کوژراون بگەیەنرێتە نەخۆشخانەی قامیشلۆ.