سەردێڕ:

ئەمریکا چۆن سزاى تورکیا دەدات؟

فۆتۆ: 
2019-10-19

16974 جار خوێندراوەتەوە

لیندزى گراهام و چەند سیناتۆرێکى دیکەى ئەمریکا، سەرپەرشتى ئەو هەوڵانەى کۆنگرێس دەکەن، بۆ سزادانى ئەنقەرە و تەنانەت دواى رێککەوتنى ئەنقەرە و واشتنتۆنیش ئەو سیناتۆرە لەسەرهەڵوێستى خۆى بەردەوام بووە.

ئێمە ئابورى تورکیا وێران دەکەین، ئێمە سزاى قورس بەسەر تورکیا دەسەپێنین، ئێمە سزاى قورستر لەوەى ئێران بەسەر ئەنقەرە دەسەپێنین، هیچ ڕۆژێک نییە، کە ئەندامێکى کۆنگرێسى ئەمریکا ئەو هەڕەشانە لە تورکیا نەکات.

لە کاتى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، زۆرێک لە ناوەندەکانى بڕیار لە ئەمریکا، کوردیان وەکو هاوپەیمانى خۆیان بینی و وتیان، نابێت ئەو هاوکاریانەى کورد لە شەڕى دژى داعش پێشکەشى ئەوانیان کردووە لەبیر بکەن.

ئەو هاوسۆزیەى بەشێک لە ئیدارەى واشنتۆن لەگەڵ کوردا لە کاتێکدابوو، کە لەسەر چەندین ئاست جوڵانەوەى سیاسى پەیدابوون، تاوەکو تورکیا بە سزاى خۆى بگەیەنن یان هێرشەکانى سەر رۆژئاواى کوردستان رابگرێت.

لە ئێستادا لیندزى گراهام و چەند سیناتۆرێکى دیکە، سەرپەرشتى ئەو هەوڵانەى کۆنگرێس دەکەن، تەنانەت دواى رێککەوتنى ئەنقەرە و واشتنتۆنیش ئەو سیناتۆرە لەسەر هەڵوێستى خۆى بەردەوام بوو و وتى، رێکەوتنەکە لە بەرژەوەندى تورکیایە و کۆنگرێس رێگە بە تورکیا نادات، کە پرۆژەى خۆى لە باکورى سوریا جێبەجێ بکات و دەیەوێت ئەنقەرە سزا بدات.

ئەو سزایانە چین، کە کۆنگرێس هەڕەشەى پێدەکات لە ئابوورى تورکیا:

یەکەم/ سزا دەخرێتە سەر ژمارەیەک لە سەرکردەکانی تورکیا و بەرپرسانی سەربازی ئەو وڵاتە، سزاکانیش بریتین لە قەدەغەکردنی گەشت بۆ ئەمریکا و بلۆکردنی ژمارەی بانکی ئەو بەرپرسانە.

دووەم/ سزا دەخرێتە سەر هالک بانک، کە بانکێکی بەناوبانگی تورکیایە و دەماری ئابوری ئەو وڵاتەیە.

سێبەم / سزا دەخرێتە سەر هەر دەزگایەکی دارایی تورکیا کە پارەى گواستبێتەوە بۆ سوپای تورکیا.

چوارەم/ سزاکان کەرتی وزەی تورکیاش دەگرێتەوە.

پێنجەم/ ڕێگە بە هیچ کۆمپانیا و تاکێکی ئەمریکاش نادرێت، کە هیچ قەرزێکی حکومەتی تورکیا بکڕێتەوە.

بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی پیران دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە بدات و چاوەڕوانیش دەکرێت دەنگی زۆرینەی ئەنجومەنی پیران بەدەستبهێنێت، بەوەش سەرۆکی ئەمریکا مافی ڤیتۆکردنی نامێنێت.

لە ئێستاشدا چەند سیناتۆرێکى ئەمریکى داوایانکردووە ئەو پڕۆژە یاسایە دەستبەجێ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە حاڵەتێکدا نەبێت، کە ئیدارەی ئەمریکا سەردانی کۆنگرێس بکات بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات، کە تورکیا ئۆپراسیۆنی تاکلایەنە دژ بە سوریا ئەنجام نادات و هێزە سەربازییەکانی کشاونەتەوە و لەنێوانیشیاندا گروپە چەکدارییەکانی نزیک لەو وڵاتە، کە لە ٩ی ئەم مانگەوە چەند ناوچەیەکی باکوری سوریا کەوتووەتە دەستیان.