سەردێڕ:

مەزڵوم کۆبانی: ترەمپ بەڵێنی دا کورد بپارێزێت

فۆتۆ: 
2019-10-19

13453 جار خوێندراوەتەوە

مەزڵوم کۆبانی بە ئێن بی سی نیوزی ڕاگەیاندووە "ترەمپ بەڵێنی دابوو کورد بپارێزێت دەمەوێت بەڵێنەکەی بپارێزێت."

مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وتووشیەتی، "سەرەڕای بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و پشتگوێخستنی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، ترەمپ بەڵێنی دابوو کۆتایی بە هێرشەکەی تورکیا بۆسەر ناوچەکە بێنێت.

فەرماندەکەی هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، بەم دواییانە لەگەڵ ترەمپ قسەیکردووە و ترەمپ دڵنیایی داوە لەوەی کە "کۆمەڵکوژی دژی کورد ئەنجامنادرێت و ڕاستەوخۆ داگیرکاری دەوەستێنێت."

کۆبانی وتووشیەتی "داوا لە ترەمپ دەکەم کە بەڵێنەکەی بپارێزێت و پابەندبێت پێیەوە."

کۆبانی وتوویەتی "ئێستا دەبینین کە هێرشەکانی تورکیا شەڕی دژی داعشی بە شێوەیەکی گەورە لاوازکردووە. گەلی کورد تێکدەشکێت و، کێشەی زۆر گەورە دێنە ئاراوە."

فەرماندەکەی هەسەدە هۆشداریی داوە لەوەی "مەترسییەکی گەورە هەیە" لە سەرهەڵدانەوەی داعش، "ئەگەر چەکداری زیاتری داعش ئازادبکرێن و دووبارە خۆیان ڕێکخەنەوە."

ناوبراو وتیشی "شەڕی دژی تیرۆر شکست دەهێنێت." لە چاوپێکەوتنەکەدا لەگەڵ ئێن بی سی نیوز وتووشیەتی، ئەمریکا دەتوانێت خۆی لەم دەرەنجامانە بپارێزێت و چارەسەری ئەو هەستی خیانەتکردنە بکات، کە دوای کشانەوەی هێزەکانی و ڕێگەدان بە تورکیا بۆ داگیرکاری لای کورد دروستبووە.

مەزڵوم کۆبانی داوادەکات "دەستبەجێ دەرچەیەکی ئەمنى بکرێتەوە" بۆئەوەی هێزە کوردییەکان بکشێنەوە.