سەردێڕ:

یەکەم لێدوانى حەسەن نەسروڵڵا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانى لوبنان

فۆتۆ: 
2019-10-19

3679 جار خوێندراوەتەوە

حەسەن نەسروڵڵا ئەمیندارى گشتیى حزبوڵڵاى لوبنان هۆشداریی دا لەو مەترسییانەى ڕووبەڕووى لوبنان بوونەتەوە.

وەک یەکەم لێدوانى نەسروڵڵا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانى لوبنان، ئەمڕۆ شەممە ١٩ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٩ لە وتەیەکیدا کە بە بۆنەى چلەى ئیمام حوسەینەوە پێشکەشیکرد، هۆشداری دا لەوەى چەند مەترسيیەک ڕووبەڕووى لوبنان بووەتەوە و هەندێک لە بەرپرسانى ئەو وڵاتەى بەوە تۆمەتبارکرد کە لە بەرپرسیارێتى هەڵدێن و خراپیى دۆخەکە دەخەنە ئۆباڵى کەسانى دیکە.

لە وتەکەیدا وتیشى، ''ئەوەى ئێستا لە وڵاتدا دەگوزەرێت، دەرئەنجامى کەڵەکەبوونى سیاسەتى خراپیى ئابوورییە لە لوبنان.''

نەسروڵڵا دەشڵێت، ''پێویستە لەسەر هەموولایەک بەرپرسیارێتى بارودۆخەکە هەڵبگرن و، شەرمەزارییە لە ئێستادا لە بەرپرسیارێتى ڕابکەن، بەتایبەت ئەوانەى لە حکومەتدان.''

ئەمیندارى حزبوڵڵا ڕاشیگەیاند، لوبنان لەژێر هەڕەشەى داڕمانى ئابوورى و هەڵچوونى جەماوەریدایە. وتیشى، پێویستە حکومەت ئەوە بزانێت، خەڵک ناتوانێت بەرگەى ئەو هەموو باج و ڕسوماتە بگرێت کە بەسەریاندا سەپێنراوە.