سەردێڕ:

ئەردۆغان بۆ ترەمپ: ئۆپراسیۆنەکانمان دەستپێدەکەینەوە ئەگەر چەکدارەکان نەکشێنەوە

فۆتۆ: 
2019-10-19

6368 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمارى تورکیا سەرۆکى ئەمریکاى ئاگادارکردۆتەوە لە ئەگەرى نەکشانەوەى چەکدارەکان لە ماوەى دیاریکراودا ئەوا ئۆپراسیۆنەکانیان دەستپێدەکەنەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەى ئۆپراسیۆنەکان لە باکورى خۆرهەڵاتى سوریا ئەگەر چەکدارە کوردەکان لە ماوەى دیاریکراودا بەپێى رێکەوتنى تورکیا و ئەمریکا لە ناوچەى ئارام نەکشێنەوە و هەرەشەشى کرد کە هەڵدەکوتنە سەر چەکدارەکان.

وتیشى، ئەنقەرە لە مەرجەکانى پێش دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنەکان پاشگەزنەبۆتەوە و ترەمپیشى لەوبارەوە ئاگادارکردۆتەوە کە لە ماوەى ١٢٠ رۆژى دیاریکراودا کە راگەیاندنى ئاگربەستە، چەکدارە کوردەکان نەکشێنەوە ئەوا ئۆپراسیۆنەکان دەستپێدەکەنەوە.

لەبارەى بڵاوبوونەوەى هێزەکانى حکومەتى سوریا لە باکورى خۆرهەڵاتى سوریا، سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕایگەیاند، پلانە تایبەتەکانیان جێبەجێ دەکەن ئەگەر لەگەڵ روسیا لەو بارەوە نەگەیشتنە ئەنجام.

ئاماژەى بەوەشکرد، حکومەتى سوریا لەلایەن روسیاوە دەپارێزرێت کە لە بەشێکى ناوچەى ئۆپراسیۆنەکاندا بوونیان هەیە و بڵاوبوونەتەوە لە شوێنى هێزە کوردییەکان، بۆیە ئەو بابەتە لەگەڵ پۆتین باس دەکات.

بڕیارە ٢٢ى ئەم مانگە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانى روسیا بکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین کۆبێتەوە و ئامانجى سەرەکى کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنى بابەتى بڵاوەپێکردنى سوپاى حکومەتى سوریا لە ناوچەکانى باکورى خۆرهەڵاتى سوریا.