سەردێڕ:

ھەرێمی کوردستان.. بەشێک لە خەڵک بایکۆتی کاڵای تورکی دەکەن

فۆتۆ: 
2019-10-19

9458 جار خوێندراوەتەوە

لە چوارچێوەی کاردانەوەی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو "بایکۆتی کاڵای تورکی"یان دەستپێکردووە و گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە "کەمیکردووە".

لە میانەی ئەو ھێرشانەی لەلایەن ھێزە چەکدارەکانی تورکیاوە بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە، لە بەرامبەردا ھاوڵاتیانی کوردیش لە کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش، بایکۆتی کاڵای تورکییان ڕاگەیاندووە و باس لەوە دەکەن، "ھیچ خواردن و شتومەکێک ناکڕن کە درووستکراوی وڵاتی تورکیا بێت".

بە شێوەیەکی گشتی باس لەوە دەکەن "ئەگەر ئێمە نەتوانین دژی لەشکرکێشی تورکیا شەڕ بکەین، خۆ دەتوانین شەڕی ئابووریی و بایکۆتی کاڵای تورکی بکەین".

ھەروەھا دەشڵێن، "شەڕی بایکۆتی کاڵای تورکی لە شەڕی فیشەک زیاتر زیانی دەبێت لەسەر تورکیا".

لەو بارەیەشەوە دکتۆرە "شایان عەسکەری" پەرلەمانتاری کوردستان لە عێراق، لە پۆستێکیدا لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باس لەوە دەکات،  "ساڵێک زیاترە بایکۆتی کاڵای تورکی کردووە"، دەشڵێت "گەشتی تورکیا ناکەم و بە ترانزێتیش لەو کاتەوە نەچوومەتە ئەو وڵاتە".

ھاوکات بەشێکی زۆری فرۆشیارەکانیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و بە مەیدانیش، باس لەوە دەکەن، "خەڵک لە ئێستادا زۆر بە کەمی کاڵای تورکی دەکڕن، بۆیە ئەوانیش لە دوکان و فرۆشگاکانی خۆیاندا چیتر کاڵای تورکی نافرۆشن".

ھاوکات بەشێکی دەرمانخانەکانیش باس لەوە دەکەن، "خەڵک نایانەوێت دەرمانی تورکی بکڕن و لە زۆربەی کاتەکاندا داوای دەرمانی وڵاتانی دیکە دەکەن، بۆیە لەوانەیە ناچاربن فرۆشتنی دەرمانی تورکی کەم بکەنەوە".

ھاوکات بەشێکی زۆری نوسینگەکانی گەشتیاریی و فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ وڵاتی تورکیا ڕاگرتووە، ئەمەش بووەتە ھۆی کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخی گەشتکردن بۆ تورکیا.

ئابووری تورکیا گەشەکردنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە لەم ساڵانەی دوایدا، بە پێی ڕاپۆرتێکی "ئیکۆنۆمیک کۆمپلێکسیتی ئیندێکس" تەنھا لە ساڵی ٢٠١٧دا، تورکیا بە بڕی "١٦٦ ملیار دۆلار" لە ھەناردە کردنی کاڵاکانیدا قازانج دەکات و، لە ڕیزبەندی "٢٧"ەمین، وڵاتی ھەناردەکاردایە.

"بایکۆت" خەباتێکی مەدەنیانەیە، وشەکەش لە ناوی نێردراوێکی بەریتانیاوە بۆ ئێرلەندا وەرگیراوە "کاپیتام چارلز کانیگام بایکۆت" کە ڕاسپێردرابوو بە وەرگرتنی "باج" لە جوتیارانی ئەو ناوچەیە، بەڵام ئەو نێردراوە زۆر بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ جوتیاران دەکرد و، ھەندێکیانی لەسەر کار دووردەخستەوە.

لەو کاتەشدا جوتیاران دەنگیان کرد بە یەک بۆ ھاوکارینەکردنی ئەو نێردەیە و، ھیچ شتومەکێک و خواردنێکیان پێنەدەدا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، یەکەمین ھەنگاوی سەربەخۆیی ھیندستان لەلایەن "ماھاتما غاندی"یەوە، بە بایکۆتکردنی کاڵای بەریتانیا دەستی پێکرد.