سەردێڕ:

کەجەکە: پێویستە ئاگربەست لەسەر بنەمای کشانەوەی تورکیا بێت

فۆتۆ: 
2019-10-19

4014 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا کەجەکە ڕایگەیاند، پێویستە ئاگربەست لەسەر بنەمای کشانەوەی تورکیا بێت و جگە لە کشانەوەی "داگیرکەران" ھیچ بژاردەیەکی تر قبوڵ ناکرێت.

ھاوسەرۆکایەتی دستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکیاوە بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "کورد، عەرەب، سوریان و ھەموو گەلانی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سوریا، لە ئەنجامی تێکۆشانێکدا لەدژی چەتەکانی وەک نوسرە و داعش، سیستمێکی دیموکراتی ئازادیان دروستکرد کە بۆ ھەموو گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بووە بە نمونەیەک".

دەشڵێت، "ئاکەپە – مەھەپە لە سەرەتادا پشتگیریی لە ھێرشەکانی گرووپەکانی وەک نوسرە و داعش دەکرد، بەڵام کە بینیان ئەو چەتانە تێکشکان، ڕاستەوخۆ دەستی بە ھێرش کرد".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەدژی ئەم ھێرشە داگیرکەرییە  کە ھەموو جورە چەکێکی قورسی تێدا بەکاردەھێنرێت، بەرخۆدانێک بەڕێوەبرا کە فاشیزمی ئاکەپە – مەھەپە بە ھیچ شێوەیەک بیریشیان لێنەدەکردەوە".

دەربارەی ڕێکەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا دەڵێت، "بەرخۆدانی گەورە و مۆڕال و ڕەوا کە لە باکوور و ڕۆژھەڵاتی سوریا بەڕێوەدەچێت، توانی پیلانگێڕیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئەردۆغانی دوژمنی گەلی کورد ھەڵبوەشێنێتەوە".

دەشڵێت، "بەڕێوەبەرێتیی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەوەی لەم دۆخە خۆی ڕزگار بکات، بە ئاگربەست ھەوڵیدا شەڕەکە رابگرێت".

لەسەر جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەیەکی نێوان واشنتن و ئەنقەرە دەڵێت، "لەبەرئەوەی ھێرشەکە داگیرکەریی و تاوانی دژی مرۆڤایەتیە، پێویستە ئەم ئاگربەستە ڕەوایەتی بە داگیرکەریی نەدات و دەبێت ھێزە داگیرکەرەکان بکشێنەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر ئاگربەست ببێتە ھۆی کۆتاییھاتن بە داگیرکەریی، ئەو کاتە واتادار دەبێت".

سەبارەت بەدۆخی ناوچەکانی شەڕ لەپێش هێرشەکانی سوپای تورکیا، کەجەکە دەڵێت، "ئەو ھەرێمانەی بوونەتە ئامانجی ھێرشەکان، بەر لە ھێرشە داگیرکەرییەکان ئارامترین ھەرێمی سوریا بوون، بەو ھۆیەوە پێویستە بۆ ئارامی و ئاسایش ھێزە داگیرکەرەکان بکشێنەوە".

دەربارەی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن تورکیاوە، کەجەکە دەڵێت، "نابێت تاوانی دەوڵەتی تورکیا لەدژی مرۆڤایەتی فەرامۆش بکرێت، دەوڵەتی تورکیا چەکی قەدەغەکراو کە بە فڕۆکە لەدژی ھەرێمی پاراستنی میدیا بەکار دەھێنێت، لە باکوور و ڕژھەڵاتی سوریاش بەکاریدەھێنێت".

ئاماژەی بەوەشداوە، "گەلانی جیھان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێویستە لێپرسینەوە لە ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکە بکەن".