سەردێڕ:

ھەڵەبجە..پێشانگەیەک بۆ نمایشی بەرھەمە ناوخۆییەکان کرایەوە

فۆتۆ: 
2019-10-19

2087 جار خوێندراوەتەوە

لە ھەڵەبجە پێشانگای بەرھەمە کشتوکاڵییەکان کە ناسراوە بە "پایزی ھەڵەبجە" بە بەژداری ١٢٠ جوتیار و باخەوان، کەتێیدا نمایشکردن و فرۆشتنی ئەو بەرووبوومە ناوخۆییانەی کە لەو ناوچەیەدا بەرھەمدەھێنرێن، بەڕێوە دەچێت.

لەو بارەیەوە، ستار مەحمود بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە بەپەیامنێری ئێن ئاڕتی ڕایگەیاند، ئەمساڵ وەک یەکەم ئەزموون بۆ ماوەی سێ ڕۆژ پێشەنگاکە کرایەوە، ئامانجیشیان ئەوەیە ئەو پێشانگایە وەک بازاڕێکی "میللی" ھەمیشەیی بەردەوامبێت لە ھەموو وەرزەکاندا، بۆ نمایشی بەرووبوومە جیاوازەکانی وەرزەکان.

ئەم پێشانگایە بۆ ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامە و بە ھەزاران ھاوڵاتی و گەشتیار سەردانی پێشانگاکە دەکەن.

جوتیاران و باخەوانانی ناوچەکە بەرووبوومەکانی خۆیان لە پێشانگاکەدا نمایش دەکەن و ھاوڵاتیان دەتوانن لێی بخۆن و تامی بکەن، لە ھەمانکاتیشدا بیکڕن.

ساڵانە زیاتر لە ٣٠ جۆر بەرھەمی کشتووکاڵی، ماسی، پەلەوەڕ، کاری دەستی ، لێنان و ئامادە کردنی خواردنی کوردەواری لەو پێشانگایەدا نمایش دەکرێت.

لە ھەمانکاتدا ھاوڵاتیان داوا دەکەن ئەم پێشانگایە بکرێت بە ھەفتە بازاڕێک و ئەوانیش پێداویستییەکانی خۆیان لەوێدا بکڕن.

باخەوانان و جوتیارانی ناوچەکەش ھەبوونی ئەم جۆرە پێشانگایانەیان پێ گرنگە بۆ نمایشکردنی بەرھەمەکانی خۆیان و ساغکردنەوەیان.